سۆراغ؛ بەشێک لە بوتڵی ئاگرکوژێنەوەی ئۆتۆمبێلەکان لێیان دەچێت
964+
دیلان محەمەد جەزا
بە سۆراغی 964، بەشێک لەو بوتڵانەی ئاگرکوژێنەوە کە شۆفێران بۆ ناو ئۆتۆمبێلەکانیان دەیکڕن، کوالێتیان خراپە و لە شوێنی لەحیمەکانیانەوە لێیان دەچێت.
بۆ ئەمە 964 پرسیاری لە چەندین وەستا و خاوەنی وەرشەی ئاگرکوژێنەوە لە هەرێمی کوردستان کرد، ئەوان پشتڕاستیان کردەوە.
بوتڵەکان جۆریان زۆرە لە بازاڕدا، نرخیان لە شەش هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تا 15 هەزار دینار.
وەستا عادل ئەمین خاوەنی وەرشەی ئاگرکوژێنەوەیە لە سلێمانی، بە 964ـی وت، رۆژانە چەندین ئاگرکوژێنەوەی ناو ئۆتۆمبێلیان بۆ دەچێت، دەبینن کوالێتیان زۆر خراپە و پێوەرەکەی لەسەر رەنگی سەوزە، بەڵام لە کاتی پێویستدا کار ناکەن.
وتیشی، “زۆرێکیان پێوەری سەریان تەنیا وێنەیەکە و هیچ ئاماژەیەک ناخوێننەوە، زۆرێکیان لە شوێنی لەحیمەکانیانەوە لێیان دەچێت”.
964 دەزانێت لەناو شارەکانی دیکەی هەرێمیش هەمان ئەو مارکەی بوتڵانەیە کە دەفرۆشرێن.
بۆ ئەم بابەتە، 964 پەیوەندی کرد بە ئارام عەلی وتەبێژی بەرگری شارستانی و بەهمەن عەبدوڵا وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی، ئەوان تەنیا باسیان لە گرنگی هەبوونی بتڵی ئاگرکوژێنەوە کرد لەناو ئۆتۆمبێلەکاندا و هیچیان لەسەر خراپی کوالێتی بوتڵەکان نەوت.