براوەکانی وەرزی رابردوو خەڵاتکران
وادەی دەستپێکردنی وەرزی نوێی تۆپی پێی کوردستان ئاشکرا کرا
+964
هێژا خەسرەو ـ هەولێر
ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێكدا لە هەولێر، فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان و بەڕێوبەرایەتیی گشتیی وەرزشی کوردستان خەڵاتیان بەسەر یانە براوەکانی وەرزی رابردووی خولەکانی کوردستان و باشترینەکانی خولەکان دابەشکرد، هاوکاتی وادەی دەستپێکردنی وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان دیاریی کرا.
پێش دەستپێکردنی رێوڕەسمەکە تاریق عەبدولرەحمان رۆژی 25.10.2023 ی بۆ دەستپێکردنی وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان دیاریی کرد و لە لێدوانێکدا وتی: سەرنجی زۆر و ئێستامان زیاتر لەسەر بەڕێوەبردنی یارییەکانی جامی کۆنیفایە.
بڕیارە لە هاوینی 2024 هەرێمی کوردستان میوانداریی جامی کۆنیفا بۆ هەرێمەکان بکات.
لە رێوڕەسمەکەدا یانەی پێشمەرگەی هەولێری پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولی کوردستان جامەکەی پێبەخشرا و یانەی ئاراراتی دووەمی خولەکەش مەدالیای دووەمی وەرگرت، یانەی دهۆکیش نازناوی جامی هەرێمی کوردستانی وەرگرت، بەڵام بە چەند هۆکارێک یانەی دهۆک ئامادەی رێوڕەسمەکە نەبوون.
هەروەها یانەی هەولێر وەک پاڵەوانی خولی پلە یەکی کوردستان خەڵاتکران و یانەی رانیەش وەکو دووەمی خولی پلە یەک خەڵاتکران.
لە خولی پلە دووەکانیش یانەی هەڵەبجەی شەهید وەک پاڵەوان و یانەی تەناهی وەک خاوەن پلەی دووەم خەڵاتکران.
یانەی ئافرەتانی هەولێریش خەڵاتی پاڵەوانی فوتساڵی کچانیان وەرگرت و یانەی زاخۆش خەڵاتی پلەی دووەم
هەروەها سەمیر سەدیق خەڵاتی باشترین راهێنەری وەرگرت و سەفین فایەق باشترین یاریزان و گۆڵکار، غەفور عوسمانیش بووە باشترین گۆڵپارێز.
مستەفا حەنوون باشترین یاریزانی دەرەوەی هەرێم، هەڵگورد قەیس باشترین یاریزانی لاو، دیار عەلی گۆڵکاری جامی هەرێمی کوردستان، ئەحمەد کەوکەز یاریزانی نموونەیی هەر ئەمشەو خەڵاتەکانیان وەرگرت.
محەممەد حەمید و شادمان سەباح و هەڤاڵ ئەحمەد وەک گۆڵکارانی پلە یەک و پلە دوو، شۆخان نورەدین وەک گۆڵکاری خولی فوتساڵی کچان خەڵاتەکانیان وەرگرت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا