ئایا كه‌ریم بنزێما دێته‌ هه‌ولێر؟

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

ده‌نگۆی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ یانه‌ی قوه‌ی جه‌وییه‌ی عێراقی، له‌ بڕیاری ئه‌نجامدانی یارییه‌كانی خۆی له‌ چامپیۆنزلیگی ئاسیا، له‌ یاریگه‌ی فرانسۆ هه‌ریری له‌ هه‌ولێر په‌شیمان بووه‌ته‌وه‌، بۆ ئه‌مه‌ش چه‌ند بیانوویه‌ك باسی لێوه‌ ده‌كرێت.

ده‌نگۆكان ئه‌وه‌ن یانه‌ی جه‌وییه‌ بۆیه‌ له‌ هاتنی بۆ هه‌ولێر په‌شیمان بووه‌ته‌وه‌، گوایه‌ به‌هۆی نه‌بوونی چه‌ند تایبه‌تمه‌ندییه‌ك له‌ یاریگه‌ی فرانسۆ هه‌ریریدا، له‌وانه‌ سیستمی ڤار و نه‌بوونی شوێنی گونجاو بۆ دانانی سیستمه‌كه‌، هه‌روه‌ها كه‌میی كورسییه‌كانی یاریگه‌كه‌، كه‌ جێگه‌ی نزیكه‌ی 20 هه‌زار كه‌سی تێدا ده‌بێته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ یانه‌ی هه‌ولێر به‌ 964ی وت، ئه‌م پرسه‌ هێشتاوه‌ یه‌كلانه‌بووه‌ته‌وه‌ و چاوه‌ڕێ ده‌كرێت كۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ بڕیاری كۆتایی بدرێت.

جه‌وییه‌ له‌ چامپیۆنزلیگی ئاسیا به‌شداره‌ و یه‌كێك له‌ یانه‌كانی كۆمه‌ڵه‌كه‌ی، یانه‌ی ئیتیحادی سعودییه‌، كه‌ریم بنزێما و چه‌ند ئه‌ستێره‌یه‌كی دیكه‌ی ناودار یاریی بۆ ده‌كه‌ن.

سه‌رچاوه‌یه‌كی دیكه‌ كه‌ نه‌یویست ناوی ئاشكرا بكرێت، ئه‌وه‌ی به‌ 964 وت، “دوای تیروپشكی یارییه‌كانی پاڵه‌وانیه‌تیی یانه‌كانی ئاسیا و به‌ریككه‌وتنی جه‌وییه‌ به‌ ئیتیحادی سعودی، فشارێكی زۆر خراوه‌ته‌ سه‌ر یانه‌ی جه‌وییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ولێر یاریی نه‌كات و یارییه‌كانی بباته‌ به‌سڕه‌”.

جه‌ماوه‌ری وه‌رزشی له‌ هه‌ولێر و كوردستان و ته‌نانه‌ت عێراقیش، چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ن كه‌ریم و یانه‌ی ئیتیحاد بێنه‌ هه‌ولێر، به‌ڵام هێشتا ئه‌مه‌ یه‌كلانه‌بووه‌ته‌وه‌.