زانیاریە هەڵەکان چین لەبارەی یاسەمینەوە؟

964+
ژووری هەواڵ

نەچووەتە سەر مانگ و گەردوونناس نییە، هەروەها یەکەم ژنیش نییە گەیشتبێتە بۆشایی. لەم رۆژانەدا، بە راست و چەپ قسە دەکرێت لەبارەی یاسەمین مۆقبلی کە بەشێکیان راستن و بەشێکیان تەنیا زڕە زانیاری و ساختەن.

بە سۆراغی 964، راستە کە یاسەمین یەکەم کورد و ژنە کورد بێت زەوی بەجێهێشتبێت، بەڵام راست نییە کە چووبێتە سەر مانگ، ئەو لەگەڵ سێ کەسی دیکە، رۆژی 28ـی ئابی 2023 گەیشتە وێستگەی نێودەوڵەتی بۆشایی، کە بنکەی سەرەکی چاودێریکردنی زەوی و دەوروبەرییەتی و هەموو وڵاتەکان تیایدا بەشدارن.

یاسەمین لە ساڵی 1983 لە ئەڵمانیا لەدایکبووە، باوک و دایکی لە پاش شۆڕشی ئیسلامی ئێران شاری مەهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان بەجێدەهێڵن و لە ئەڵمانیا دەگیرسێنەوە، دواتریش دەچنە ئەمریکا.

یاسەمین لە نیویۆرک گەورە بووە، هەر لەوێش دەستی بە خوێندن کردووە، دوای تەواوکردنی پەیمانگەی تەکنەلۆژی ماسەچوستس بووەتە جێی سەرنجی ناسا.

تایبەتمەندی یاسەمین ئەندازیاری فڕۆکەوانی بۆشاییە، ئەوە یانی ئەندازیاری کەشتی ئاسمانی، ئێستاش خۆی و تیمەکەی هەر بە مەبەستی چاکسازیکردن لە وێستگەی نێودەوڵەتی بۆشایی گەشتیان کردووە.

لەگەڵ ئەوەی دەستکەوتێکی مەزنە وەکو یەکەم ژنە کورد گەیشتە بۆشایی ئاسمان، بەڵام یاسەمین یەکەم ژن نییە لەسەر ئاستی جیهان، یەکەم ژن سوزان هێلمس بوو کە لە ئابی 2001 گەیشتە وێستگەی بۆشایی. لە پاش ئەویش سەرو 70 ژن چوونەتە بۆشایی ئاسمان کە زیاتر لە 40 کەسیان لە وێستگەی بۆشاییدا کاریان کردووە.

ئەگەرچی ئێمە زۆر گەڕاین و هیچ لێدوانێکیمان لەبارەی کوردەوە نەدۆزییەوە، بەڵام یاسەمین لە کۆتا پۆستیدا لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی کە ئۆکتۆبەری 2022 بڵاویکردووەتەوە، پشتگیری خۆپیشاندانەکانی دژ بە کوشتنی ژینا ئەمینی دەکات و دەڵێت، بۆ داهاتوویەک تێبکۆشین کە بتوانین خەونەکانی منداڵیمان بەدەست بهێنین.