وەزارەتی تەندروستی بۆ دەرمانخانەکان؛ دەرمان لە نەخۆش وەرمەگرنەوە

964+

فەهمی نەبی

وەزارەتی تەندروستی لە بڕیارێکی نوێدا، قەدەغەیکردووە چیتر دەرمانخانەکان دەرمان لە نەخۆش وەربگرنەوە، سەندیکای دەرمانسازان دەڵێت، نوسراومان کردووە، بەڵام سەرەتا دەبێت خەڵک پابەند بێت.

د.رەنج محەمەد، سکرتێری سەندیکای دەرمانسازان بۆ 964 وتی، ئێمە دوێنێ یەکشەممە، نوسراومان بۆ هەموو دەرمانخانەکان کردووە، بەهیچ جۆرێک دەرمان لە نەخۆش وەرنەگیرێتەوە، هەموو دەرمانخانەکان پابەندن، هاوڵاتی هەیە لەگەڵ دەرمانخانەکە کردوویەتی بە شەڕ بۆئەوەی دەرمانەکەی لێ وەربگیرێتەوە، بڕیارەکە هێندە بۆ هاوڵاتیانە هێندە بۆ دەرمانخانەکان نییە.

بەوتەی د.رەنج محەمەد، وەرگرتنەوەی دەرمان لە نەخۆش زانستی نییە، ئەو دەرمانەی نەخۆش وەریدەگرێت نازانرێت لەماڵ چۆن پارێزگاری لێکراوە، کاتێک دەدرێتەوە بە نەخۆشێکی دیکە سوودی لێ وەرناگیرێت، داوامانکردووە تەنانەت ئەگەر دەرمانەکە لە دەرمانخانەکەش بردرایە دەرەوە وەرنەگیرێتەوە”.

د.رەنج محەمەد دەڵێت، “داوامان لە سەندیکای پزیشکان ئەوەیە پزیشکەکانی خۆیان ناچار بکەن هێندە دەرمان بۆ نەخۆش نەنوسن، ماوەی پێدانی دەرمانەکان با هێندە بێت کە دواتر لەسەری بکڕێتەوە، نەوەک پێنج پاکەتی بۆ بنوسێت و دواتر سێ دانەی بمێنێتەوە دەیهێنێتەوە بۆ دەرمانخانە و داوا دەکات لێی وەربگیرێتەوە، ئەگەر دەرمانخانەکە لێی وەرنەگرێتەوە فڕێی دەدات و ئەوەش کێشەیەکی دیکەیە بۆ ژینگە”.

964 پرسیاری ئەوەی لە سەندیکای دەرمانسازان کردووە، چ رێکار و لێپرسینەوەیەک لەگەڵ بەشێک لەو دەرمانخانانە دەگرنە بەر کە لەگەڵ بەشێک لە دکتۆرەکان رێککەوتنیان هەیە بۆ ساغکردنەوەی دەرمان، د.رەنج محەمەد دەڵێت، دەرکەوێت هەر دەرمانخانەیەک ژێر بەژێر لەگەڵ دکتۆرێک رێککەوتنی هەیە سزا دەدرێت، ئەگەر هاوڵاتیانیش ئەوەیان زانی با سکاڵا لای وەزارەتی تەندروستی بکەن.