ئەکادیمیای کەلار بووە پاڵەوانی فێرگەکانی تۆپی پێ
964+
یادگار محەمەد – سلێمانی
پاڵەوانیەتی تۆپی پێی فێرگەکانی پارێزگای سلێمانی کۆتایی هات و ئەکادیمیای کەلار نازناوەکەی دەستەبەرکرد.
لەژێر چاودێری فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لقی سلێمانی، لیژنەی فێرگاکانی تۆپی پێ پاڵەوانیەتییەکی بۆ فێرگەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەردوو ئیدارەی راپەرین و گەرمیان ئەنجامدا.
محەمەد ئیبراهیم ئەندامی لیژنەی فێرگەکانی تۆپی پێ بە 964ـی وت، دوای هەڵبژاردنیان بە ئەندامی لیژنەی فێرگەکان، بۆ یەکەم جارە پاڵەوانیەتییەکی سەرکەوتوو بەم شێوەیە رێک بخرێت.
وتیشی، پاڵەوانیەتییەکە بە ئاستێکی بەرز دەستی پێکرد و دڵخۆشن بەو فێرخوازە ئاست بەرزانە کە لە فێرگەکاندا بوونیان هەیە و داهاتووی تۆپی پێ بەگەشی دەبینن.
لە پاڵەوانیەتییەکەدا 62 فێرگە بەشداریان کردبوو کە 34 فێرگەیان لە پارێزگای سلێمانی و 17 فێرگەیان لە گەرمیان و 11 فێرگەیان لە راپەرین بوو، دوای بەڕێوەچوونی رکابەرییەکانیش هەردوو ئەکادیمیای کەلار و فێرگەی زەڕایەن لە یاری کۆتایدا بەیەکگەیشتن، تێیدا ئەکادیمیای کەلار بە لێدانی یەکلایی کەرەوە یارییەکەی بردەوە و نازناوی پاڵەوانتییەکەی بەدەستهێنا.
پێداچوونەوە: توانا نەقی