نمە بارانیشی لەگەڵە

تۆپەڵە هەوایەکی فێنک روو لە ناوچەکە دەکات

964+

فەهمی نەبی

شارەزایەکی کەشناسی دەڵێت، لە رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیەوە تۆپەڵە هەوایەکی فێنک لە دەریای سپیەوە دێت و لەگەڵ خۆیدا پلەکانی گەرما لە کۆڵ ناوچەکە دەکاتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، سیروان ساڵح شارەزای کەشناسی و جیۆلۆجی بە 964ی وت، ئەو تۆپەڵە هەوا فێنکە، پلەی گەرمی ناوچە شاخاوییەکان دەگەیەنێتە ناوەڕاستی سییەکان، هاوکات لەناوچە شاخاوییە بەرزەکان ئەگەری تاوە بارانیش هەیە، بۆماوەی سێ رۆژیش بەردەوام دەبێت.

ئەو شارەزایەی کەشناسی کە خۆی لە کەلار دەژیت، لەبارەی کەشی گەرمیان کە ئەم هاوینە بەرزترین پلەکانی گەرمی هەرێمی کوردستانی تۆماردەکرد دەڵێت، لە گەرمیان پلەکانی گەرمیان دەگاتە 39 پلە تا 40 پلەی سیلیزی.

سیروان ساڵح دەڵێت، کاریگەری ئەو تۆپەڵە هەوا فێنکە رۆژی چوارشەممە دەبێت، بەڵام لە رۆژی هەینیەوە دیسان پلەکانی گەرما بەلاوازی دەردەکەوێتەوە.

پێشبینیەکانی بەشی کەشناسی ئەمڕۆی وەزارەتی گواستنەوە رایگەیاندووە، سبەی رۆژی سێشەممە پلەکانی گەرما بەراوردە بە رۆژانی پێش خۆی پێنج پلە دادەبەزێت، بەجۆرێک پلەی گەرمی لە حاجی ئۆمەران 25 پلە دەبێت و لە گەرمیان 40 پلە دەبێت.