دیمەنێک لە سەنتەری قەزای پێنجوێن _ وێنە: بۆ 964 نێردراوە
نزیکەی ملیارێک دینار بۆ چاککردنی پێنج رێگای پێنجوێن تەرخان کرا
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
وەزارەتی دارایی نزیکەی یەک ملیار دیناری تەرخان کرد بۆ چاککردن و قیرتاوکردن و کۆنکرێتکردنی پێنج رێگا لە سنووری قەزای پێنجوێن.
ئەمڕۆ دووشەممە 28.8.2023، قایمقامیەتی قەزای پینجوێن رایگەیاند، نزیکەی 31 کیلۆمەتر لە پێنج ناوچەی سنووری قەزای پینجوێن کاری قیرتاو، کۆنکرێت و نۆژەنکردنەوەیان بۆ دەکرێت و وەزارەتی دارایی هەرێم رەزامەندی داوە لەسەر تەرخانکردنی 997 ملیۆن و 791 هەزار و 600 دینار.
پرۆژەکان پێکهاتوون لەمانە:
- قیرتاوکردنی 3.6 کیلۆمەتر لە رێگای گوندی وێنە لە ناحیەی گەرمک بەبڕی (357,060,000).
- کۆنکرێتکردنی 400 مەتر لە رێگەی هەورازەکانی گوندی کۆڵیتان، لە ناحیەی ناڵپارێز بەبڕی (91,670,000).
- چاککردنی 13.4 کیلۆمەتر لە رێگای سەرەکی لە پردی ناڵپارێز تا پێنجوێن بەبڕی (69,834,000).
- چاککردنەوەی 13.4 کیلۆمەتر لە شۆستەی رێگای سەرەکی لە پردی ناڵپارێز تا پێنجوێن بەبڕی (60,996,600).
- چاککردنەوەی 500 مەتر لە دووسایدی ناو مەرزی سەیران بەن، لە ناحیەی گەرمک بەبڕی (418,231,000).
قایمقامیەتی قەزای پینجوێن دەڵێت، ماوەی نۆ ساڵە کەمترین پرۆژە لە سنوری قەزای پێنجوێن جێبەجێکراوە و “هیوادارین بە زووترین کات وەزارەتی پەیوەندیدار دەست بە کارکردن بکات لەم پرۆژانەدا و دەستپێکی هەنگاوێکی نوێ ی کارکردن بێت بۆ کردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری قەزاکەماندا”.