بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان - وێنە: 964
لە گەرمیان 35 کەس تووشی سکچون و رشانەوە بوون
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
چەند رۆژێکە لە سنووری ئیدارەی گەرمیان حاڵەتەکانی سکچون و رشانەوە روو لە زیادبوونە، لە دوێنێوە 35 کەس تووشی ئەو نەخۆشییە بوون.
ئەمڕۆ دووشەممە 28.8.2023، تەندروستی گەرمیان ژمارەیەک رێنمایی تەندروستیی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هۆشداریی دەداتە هاوڵاتیان کە چەند رۆژێکە حاڵەتەکانی سکچوون و رشانەوە زیادی کردووە و پێویستە هاوڵاتیان پابەندی ئەو رێنماییانە بن.
“ئەگەرچی حاڵەتەکان خۆشبەختانە توندنین و لەژێر کۆنترۆڵدان، هاوکات تیمەکانی تەندروستی سەرقاڵی پشکنینی تایبەتن بۆ زیاتر دڵنیابوونەوە”، تەندروستی گەرمیان وا دەڵێت.
داواش لە هاوڵاتیان دەکات کە دڵنیابنەوە لە پاکی و شیاوی ئاوی خواردنەوەیان و دووربکەونەوە لە خواردنێک، کە سەردانەپۆشراو بێت یان لە ژینگەیەکی ناخاوێندا بێت و دەستەکانیان بە بەردەوامی بشۆن.
“لە کاتی بوونی حاڵەتی نەخۆشیی سکچوون دا، رێنماییە پزیشکییەکان بە باشیی جێبەجێ بکەن و لە ئەگەری توندبوون و بەردەوامیی نەخۆشیغەکەدا سەردانی نەخۆشخانە بکەن بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست”، تەندروستی گەرمیان وا دەڵێت.