تەنیا لەمساڵدا 250 هەزار گەشتیار چوونەتە ئاکرێ
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
ئەمساڵ ژمارەیەکی زۆر گەشتیار روویان لە قەزای ئاکرێ کردووە، بە جۆرێک لە ماوەی حەوت مانگدا زیاتر لە 245 هەزار گەشتیار چوونەتە ناوچە گەشتیارییەکان.
ئەو رێژەیە تا شەش مانگی یەکەمی ساڵی پار بە رێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.
ڤەهێل فەهمی بەرپرسی راگەیاندنی گەشتوگوزاری ئاکرێ بە 964ی وت، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو کۆتایی مانگی حەوت زیاتر لە 245 هەزار گەشتیار سەردانی ئاکرێیان کردووە و روویان کردووەتە سەیرانگا و شوێنە گەشتیاریەکانی قەزای ئاکرێ، بۆ ئەمساڵ لەچاو ساڵی رابردوو رێژەکە زۆر زیاتر بووە، لە ساڵی 2022 لە ماوەی شەش مانگدا 125 هەزار گەشتیار سەردانی ئەو ناوچەیەیان کردبوو.
وتیشی، تەنیا لە مانگی حەوتی ئەمساڵدا زیاتر لە 90 هەزار گەشتیار سەردانی ئاکرێیان کردووە، ئەم ئامارە جگە لە رۆژی نەورۆز تۆمارکراوە کەوا لە رۆژی 20.3.2023 نزیکەی 115 هەزار کەس سەردانی ئاکرێیان کردووە.
بەرپرسی راگەیاندنی گەشتوگوزاری ئاکرێ دەڵێت، تا ئێستا قەزای ئاکرێ نەیتوانیوە وەک پێویست سوود لە هاتنی ئەو هەموو گەشتیارە وەربگرێت، چونکە ئوتێلێکی وەهای تیادا نییە گەشتیارێکی زۆر بتوانێت بمێنێتەوە و گەشتیاران بۆ مانەوە دەچنە هەولێر و دهۆک.
“لە هەوڵداین ئەو گرفتانە چارەسەر بکەین و لە رێگەی کەرتی تایبەت و وەبەرهێنەرانەوە ئوتێل و پارکی گەورە دروستدەکەین بۆ ئەوەی گەشتیار بتوانێت کاتێکی زیاتر بمێنێتەوە” ڤەهێل فەهمی وای وت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی