تەندروستی سلێمانی: سەهۆڵی سەرشەقامەکان بەکارمەهێنن

964+

پێشەوا محەمەد

تەندروستی سلێمانی هاوڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە سەهۆڵی سەرشەقامەکان بەکارنەهێنن و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە رەنگە بە ئاوی پاکژ دروستنەکرابێت.

هۆشدارییەکەی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی لەکاتێکدایەوە، سکچوون و رشانەوە لە شارەکەدا بەربڵاوە.

سامان لەتیف، وتەبێژی تەندروستی سلێمانی بە 964ـی وت، “سەرجەم کارگەکانی سەهۆڵ لە سلێمانی مۆڵەتیان هەیە و لەژێر چاودێری تەندروستی سلێمانیدان، بەڵام رەنگە لە کاتی بێئاویدا ئاوێکی دیکە بۆ دروستکردنی سەهۆڵ بەکاربهێندرێت و پاکژ نەبێت”.

وتیشی، “وا باشترە هاوڵاتیان بۆ ساردکردنی ئاو و خواردنەوەکانی دیکە سەهۆڵی ناو ماڵەکانی خۆیان بەکاربهێنن”.