ئاوى قه‌ڵادزێ ده‌نگۆیه‌ك ره‌تده‌كاته‌وه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

فه‌رمانگه‌ى ئاوى قه‌ڵادزێ، ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌ باس له‌وه‌ده‌كه‌ن دابه‌شكردنى ئاو كه‌مى كردووه‌ و ناتوانن رۆژانه‌، ئاو به‌ هاوبه‌شه‌كانیان بده‌ن.

ژماره‌یه‌ك په‌یج و ئه‌كاونتى سۆشیال میدیاى سنوورى پشده‌ر ئه‌و ده‌نگۆیانه‌یان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.

ماوه‌ى دوو هه‌فته‌یه‌ كۆماری ئیسلامی ئێران ئاوى له‌سه‌ر زێی بچووك گرتووه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش راسته‌وخۆ كاریگه‌رى له‌سه‌ر كه‌مبوونه‌وه‌ى ئاوى ژێر زه‌وى و كشتوكاڵ و ماسی ده‌بێت.

پڕۆژەی ئاوی خاس ، كه‌ ئاوى پاك بۆ نزیكه‌ى 90 هه‌زار كه‌س له ‌سنوورى قه‌ڵادزێ دابین ده‌كات، كه‌وتووه‌ته‌ سه‌ر زێی بچووك و به‌ گرتنه‌وه‌ى ئاوى ئێرانیش كێشه‌و گرفتى زۆر بۆ پڕۆژه‌كه‌ دروست ده‌بێت.

فه‌رمانگه‌ى ئاوى قه‌ڵادزێ ده‌ڵێت، سه‌ربارى هه‌موو گرفته‌كان، به‌ڵام به‌هه‌وڵى بەڕێوەبەرایەتی ئاوی ڕاپەڕین، کارمەندانی پڕۆژەی ئاوی خاس، کارمەندانی ئاوی قەڵادزێ.. بارودۆخەکە کۆنتڕۆڵکراوە.

ئەندازیار، محه‌مه‌د حه‌سه‌ن حه‌مه‌د، لێپرسراوى فەرمانگەی ئاوی قەڵادزێ، له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا ده‌ڵێت، خەون و خەیاڵی ئەو کەسانە نایەتی دی کە حەزدەکەن شاری قەڵادزێ کێشەی نەبونی ئاوی هەبێت .

دووپاتیشی ده‌كاته‌وه‌ “دابەشکردنی ئاوی خواردنەوە هەموو رۆژێک بەردەوام دەبێت بۆ گەڕەکەکانی شاری قەڵادزێ جگە لەرۆژانی هەینی” .