دیمەنی داریک لە سەرشەقامێکی سلێمانی.وێنە:+964
دار نەڕوێنیت مۆڵەتت پێ نادرێت
964+
دیلان محەمەد جەزا
ئەو بینا بازرگانیانەی دروست دەکرێت یاخود مۆڵەت نوێ دەکەنەوە دەبێت بەپێی رووبەری بیناکە سەوزایی بڕوێنن.
عەلی حامید وتەبێژی باخچەکانی سلێمانی بە 964ـی وت، هەر بینایەکی بازرگانی یان نیمچە بازرگانی بەردەمی بیناکەی بۆ هەر سێ مەترێک دەبێت دارێک بڕوێنێت، جۆری دارەکەی بۆ دیاریدەکرێت.
تا ئەو بینایە بوونی هەبێت لەو جێگایەدا دەبێت خزمەت بکرێت، هەر شتێک لە دارەکان بێت دووبارە پێی دەڕوێننەوە.
جۆری دارەکان ناروەند و توی زڕی گەڵا پان و قەزوانی زینە و فۆتینیا و یارسی هۆڵەندی دیاریدەکرێت لەبەر ئەوەی لەگەڵ کەش و هەوای شاری سلێمانیدا دەگونجێت.
بۆ دەرهێنانی مۆڵەتی بینا و نوێکردنەوەی یەکێک لەو شوێنانەی سەردانی دەکات خاوەن بینا، بەڕێوەبەرایەتی باخچەکانە و گەر پابەند نەبێت مامەڵەکەی دەوەستێت.
لەمانگی حەوتدا 100 دار بە خاوەن بیناکان روێندراوە و بەردەوامی هەیە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی