بۆ پاراستنی بەنداوەکان هەرێم دەیەوێت ئەزموونی ئەمریکا بگوازێتەوە

964+

فەهمی نەبی

ماوەی 10 رۆژە کۆمەڵێک ئەندازیاری بەنداوەکانی هەرێم و عێراق لە ئەمریکا خولێکیان بۆ کراوەتەوە، تا ئەزموونی بەنداوەکانی ئەوێ بگوازنەوە و کەموکوڕی بەنداوەکانی عێراق و هەرێم دەسنیشان بکەن.

وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی عێراق و وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم کۆمەڵێک ئەندازیار و تەکنیککاری خۆیان بۆ ئەو خولە ناردووە، ئەمەش لەپێناو ئەوەی بزانرێت چۆن سەلامەتی بەنداوەکان بە نوێترین تەکنیکی پیشکەوتوو لە ئەمریکا ئەنجامدەدرێت.

زمناکۆ سامی ئەندازیاری بەنداوە، ئێستا لە ئەمریکایە بۆ خول بینین، بە 964ی وت، “ماوەی هەفتەیەک بە تیۆری پێیان وتین، هۆکاری هەرەسهێنانی بەنداوەکان لە مێژووی ئەمریکا چۆن بووە، هاوکات سەردانی پێنج بەنداوی هەرە گەورە ئەمریکامان کرد”.

بەوتەی زمناکۆ سامی، ئەوان ئەزموونی هەرە پێشکەوتنی خۆیان لەئەنجامی ئەو هەرەسهێنانە وەرگرتووە کە لە رابردوو روویاندابوو، ئێستا ئەمریکا خاوەنی یەکێکە لە ستاندارە پیشکەوتووەکانی بەنداو لەسەر ئاستی جیهان.

ئەو خولە لە ویلایەتی کۆلۆرادۆ لەلایەن دامەزراوەی چاککردنی بەنداوەکانی ئەمریکا بەڕێوەچووە، ئەو دامەزراوەیە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی ئەمریکایە و سەرپەرشتی بەنداوەکانی 17 ویلایەتی رۆژئاوای ئەمریکا دەکات.

ئەو خولەی بۆ ئەندازیارانی هەرێم و عێراق کراوەتەوە، هاوکات ئەندازیاری هەریەکە لە وڵاتەکانی وەک کەنەدا، بەرازیل، پاراگوای، باشوری ئەفریقا و تایوان بەشداربوونە.

لەهەرێمی کوردستان جگە لە بەنداوی دوکان و دەربەندیخان، 17 بەنداوی دیکە هەن، هاوکات 10 بەنداوی تر لەژێر جێبەجێکردندان، ئەمەش بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ.