ڤار دەگاتە دهۆک
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
یاریگەی دهۆکیش وەکو باقی یاریگەکانی دیکەی خولی نایابی عێراقی سیستمی ڤاری بۆ دادەنرێت، دەرخستەی بۆ کراوە و دەرکەوتووە کە 13 کامێرای پێویستە.
یەکێتی تۆپی پێی عێراق بڕیاریداوە، لە وەرزی داهاتووی نایابدا کار بە سیستمی ڤار بکات.
شڤان محەمەد بەرپرسی راگەیاندنی یانەی وەرزشی دهۆک بە 964ـی وت، “دوێنێ هەینی لیژنەیەکی تایبەت سەردانی یاریگەی دهۆکیان کرد، تێگەیشتن دەبێت 13 کامێرای بۆ دابنێن”.
سیستمی ڤار 300 بۆ 400 ملیۆن دیناری تێدەچێت
شڤان محەمەد زیاتری وت، “لیژنەکە بە ئیدارەی یانەی دهۆکی وتووە سیستمەکە 300 بۆ 400 ملیۆن دیناری تێدەچێت و پارەکەش لەلایەن یەکێتی تۆپی پێی عێراقەوە خەرج دەکرێت”.
وشەی ڤار لە “Video Assistant Referee”ـەوە هاتووە، بە مانای ڤیدیۆ هاوکاری ناوبژیوان دەکات لە هەڵەکانی ناو یاریگە تێبگات و بڕیاری دروست بدات.
چەند ساڵێکە ئەو سیستمە لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بەکاردێت، هەروەها لە مۆندیالی 2022ـی قەتەر بەکارهات، بەڵام بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2016 بە شێوەی تێست تاقیکرایەوە.