ئاکرەییەکان لە چاڵ و قۆرتی شەقامەکان رزگاریان دەبێت
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
شارەوانی ئاکرێ هەڵمەتێکی نۆژەنکردنەوە و پڕکردنەوەی چاڵ و قۆرتی شەقامەکانی دەستپێکردووە و هاتوچۆی شارەکەش دەڵێت، چاڵەکان یەکێک بوون لە هۆکارەکانی رووداوەکانی هاتوچۆ.
شارەوانی ئاکرێ دەستیکردووە بە پڕکردنەوەی چاڵ و قۆرتەکانی هەردوو شەقامی 40 مەتری و 60 مەتری ناو ئاکرێ و رێگا سەرەکییەکانی.
هەڵمەتەکە 20 رۆژە دەستیپێکردووە، سەرۆکی شارەوانیش دەڵێت، پێویستیان بە 100 ملیۆن دینارە بۆ نۆژەنکردنەوەی تەواوی شەقامەکان.
بڵند رەزا زوبێر، سەرۆکی شارەوانی ئاکرێ بە 964ـی وت، دەمێکە پلانی نۆژەنکردنەوەی شەقامەکانمان هەیە بەڵام چاوەڕوانی دابینکردنی قیر بووین، ئێستا قیر هەیە و دەستمان کردووە ەب نۆژەنکردنەوەی شەقامەکان.
دەشڵێت: هەموو شەقامێک دوای 10 لە دروستکردنی پێویستی بە نۆژەنکردنەوە هەیە، شەقامەکانی ئاکرێ زۆرینەیان تەمەنی لە سەرووی 20 ساڵی دایە.
بە قسەی سەرۆکی شارەوانی بێت، تەنیا نۆژەنکردنەوەی شەقامەکان پێویستی بە 100 ملیۆن دینارە، ئەمەش لە کاتێکدایە پێشینەی مانگانەی شارەوانییەکە 44 ملیۆن دینارە و بەسەر 12 بەشی شارەوانیەکە دابەشدەکرێت.
بە قسەی کاروان زێوەر، بەرپرسی راگەیاندنی هاتوچۆی ئاکرێ، چاڵ و قۆرتەکان یەکێک بوون لە هۆکارەکانی رووداوەکانی هاتوچۆ.
دەشڵێت: مانگانە زیاتر لە دوو رووداوی هاتوچۆی ناو ئاکرێ، هۆکارەکەی ئەو چاڵ و قۆرتانە بووە کە شوفێر ویستوویەتی خۆی لێ لابدات، بۆیە ئێستا کە شەقامەکان نۆژەن دەکرێنەوە، بێگومان شوفێران بە ئیسراحەتتر لە شەقامەکان تێدەپەڕن و مەترسی رووداوەکانی هاتوچۆش کەمتر دەبنەوە.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق