پۆلیسی سلێمانی: شوفێرەکە لەژێر مادەی کحول بووە و چوار سکاڵای لەسەرە

964+

دیلان محەمەد جەزا

لەسەر رووداوی هاتوچۆکەی شەوی رابردوو، پۆلیسی سلێمانی دەڵێت شوفێرەکە لەژێر مادەی کحول بووە و دەستگیرکراوە و چوار سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە.

کاتژمێر 1:30 خولەکی ئەمشەو ئۆتۆمبێلێکی جۆری وەنەوشە (تۆیۆتا لاند کرۆزەر) بە خێراییەکی زۆر لەلای باخی گشتییەوە بەرەو سەهۆڵەکە دێتە خوارەوە و کاتێکی دەگاتە ناو ئەندەرپاسی شەهید رەوف بەگ و دەکەوێت بەسەر قەرەباڵغی شەقامەکە، کۆنتڕۆڵی خۆی لەدەستدەدات و خۆی دەکێشێت بە شەش ئۆتۆمبێل.

شەقامی سالم کە سەهۆڵەکە ناسراوە، یەکێکە لە قەرەباڵغترین شەقامەکانی سلێمانی و پڕە لە خواردنگە و لەفەی سەر عەرەبانە و چایخانە، خەڵکی شار تا درەنگانی شەو بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش لەوێ دەمێننەوە.

شاگردی یەکێک لە دوکانەکانی سەهۆڵەکە کە شایەتحاڵی رووداوەکە بووە بە 964ـی وت، ئۆتۆمبێلەکە بە خێراییەکی زۆر لە ئەندەرپاسی شەهید رەوف بەگ دەرچوو، خۆی بۆ نەگەڕایەوە و کۆنتڕۆڵی لەدەستدا و خۆی کێشا بە شەش ئۆتۆمبێل.

“ئەو کەسەی رووداوەکەی لەدەست روویدا، دەیانوت بۆنی مادە کحولیەکانی لێدەهات”. شایەتحاڵەکە وای وت.

ئێستا  ئۆتۆمبێلە پێکراوەکان لە بنکەی پۆلیسی رزگاریین لە سلێمانی، کە سەهۆڵەکە بەپێی دابەشکاری جوگرافی پۆلیس بۆ سەنتەری سلێمانی، سەر بەو بنکە پۆلیسەیە.

پەیامنێری 964 لەسەر رووداوەکە پەیوەندی بە بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی رزگاری دەکات، بەڵام ئامادە نەبوون قسە لەسەر رووداوەکە بکەن.

نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە 964 وت، پێنج ئۆتۆمبێل لەلای پۆلیسە و شۆفێری لاندکروزەرەکە، لە ژێر کاریگەری مادە کحولیەکان بووە.

زیاتر وتیشی “ئێستا شۆفێرەکە دەستبەسەرە و سکاڵای خاوەنی چوار ئۆتۆمبێل وەرگیراوە، لێکۆڵینەوە بەردەوامە”.

هاوکات لای خۆیەوە، سامان شێخ لەتیف، وتەبێژی تەندروستی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، بەهۆی رووداوەکەوە تەنیا یەک کەس بریندار بووە و ئەویش بارودۆخی جێگیرە.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق