هۆکاری دەنگە بەرزەکەی نزیک ئاغجەلەر ئاشکرا بوو
+964
ژووری هەواڵ
کەمێک پێش ئێستا لە نزیک ئاغجەلەر دەنگی تەقینەوەیەک بیستراوە، گومانی هەرە بەهێز ئەوەیە درۆنێکی تورکی چەند چەکدارێکی پەکەکەی کردووەتە ئامانج.
دەنگەکە لە نزیک گوندی چنارتوو بیستراوە، ئەم گوندە سەر بە ناحیەی ئاغجەلەری چەمچەماڵە.
رووداوەکە کاتژمێر 9:15ی ئەم بەیانییە روویداوە، خەڵکی گوندەکە و دەوروبەری گوێیان لە دەنگەکە بووە، بەڵام هیچ حاڵی نەبوون، چونکە بە چاوی خۆیان نەیانبینیوە چی روویداوە.
سەرچاوەیەکی پۆلیسی ناوچەکە کە پلەکەی بەرزە و لە نزیکەوە ئاگادارە بە 964ی وت ”درۆنێکی تورکی بارەگایەکی گەڕۆکی پەکەکەی کردووەتە ئامانج، کەسێک کوژراوە و یەکێکی تر بریندار بووە”.
ئەو سەرچاوەیەی پۆلیس دەڵێت چوونەتە شوێنی رووداوەکە، بەڵام چەکدارەکان کوژراو و بریندارەکەیان لەگەڵ خۆیان بردووە و بارەگا کاتییەکەشیان پێچاوەتەوە.
ناوە ناوە تورکیا هێرش دەکاتە سەر ئەو ناوچانە، خەڵکی ئەو دەوروبەرە جموجۆڵی چەکدارانی پەکەکە دەبینن و دەڵێن لەوێ بارەگای کاتی و گەڕۆکیان هەیە.