ئەم پرۆژەیە سەربگرێت سەرنشینی پاسەکان ئیسراحەت دەکەن
964+
دیلان محەمەد جەزا
سەندیکای شۆفێران پرۆژەیەکی داوەتە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ ئەوەی پاسەکان بەپێی کاتی دیاریکراو بسووڕێنەوە و چاوەڕێی نەفەری زۆر نەکەن.
بەپێی پرۆژەکە بێت، سەرجەم پاسەکان بە بەردەوامی لەو کاتەی بۆیان دیاری دەکرێت لە گەراجەکان دەردەچن و دواناکەون.
ئازاد ئەحمەد کارگێڕی سەندیکای شۆفێرانی سلێمانی بە 964ـی وت، ئەو پڕۆژەیەی پێشکەشیان کردووە بۆ ئەوەیە دەرچوونی پاس لە گەراجەکانەوە بکەن بە تایم و چاوەڕوانی هاتنی سەرنشین نەکەن تا پاسەکە پڕ ببێت.
“چەند سەرنشین لە پاسەکەدا هەبوون لە کاتی خۆیدا دەبێت پاسەکە بڕوات، بۆ ئەوەی لە کاتی خۆیدا بگەنە شوێنەکان”، ئازاد ئەحمەد وای وت.
هەروەها سەندیکای شۆفێران، لە پلانیدایە ئەو لۆدە زۆرەی ئێواران لەسەر پاسەکان هەیە کەمی بکاتەوە، لە هاویندا تاوەکو کاتژمێر 9ـی شەو و لە زستانیشدا تاوەکو 8ـی شەو پاس هەبێت.