هێشتا رووفاتی زیاتر لە حەوت هەزار بارزانی لە بیابانەکانی خوارووی عێراقە

964+

فەهمی نەبی

چل ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر جینۆسایدی بارزانییەکان، وەزارەتی کارەباری شەهیدان و ئەنفالکراون دەڵێت، ئەو بارزانیانەی ئەنفالکراون ژمارەیان هەشت هەزار کەس دەبێت.

ئەمڕۆ 31.7.2023 رۆژی جینۆسایدی بارزانییەکانە و 40 ساڵ بەسەر ئەو رۆژە تێپەڕدەبێت، کە رژێمی بەعس شاڵاوێکی 12 رۆژەی بە سێ قۆناغ بۆ کۆمەڵگە زۆرە ملێیەکان دەستپێکرد، کە هەزاران خێزانی بارزانییەکانی تێدا نیشتەجێ بوون.

وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی کوردستان رایگەیاندووە، ئەوان ساڵی پار رووفاتی 100 کەسی ئەنفالکراوی بارزانیان هێناوەتەوە زێدی خۆیان، بەڵام هێشتا رووفاتی زیاتر لە حەوت هەزار ئەنفالکراوی بارزانی لە بیابانەکان ماونەتەوە و نەهێنراونەتەوە.

رژێمی بەعس پرۆسەی ئەنفالی بە هەشت قۆناغ لە ساڵی 1988 ئەنجام دا، سەرەنجام 182 هەزار ژن و منداڵ و پیاوی کورد لە بیابانەکانی خوارووی عێراق زیندەبەچاڵ کران، بەڵام ئەنفالی بارزانییەکان بە سێ قۆناغ جێبەجێ کرا، یەکەم قۆناغ لە 31ی تەمموزی ساڵی 1983 دەستیپێکرد، لەئەنجامدا هەشت هەزار بازرانی ئەنفالکران.

بە پێی ئاماری وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، تا ئێستا سێ قۆناغی هێنانەوەی رووفاتی بارزانییەکان ئەنجامدراوە، قۆناغی یەکەم ساڵی 2005، قۆناغی دووەم ساڵی 2014 و قۆناغی سێیەم ساڵی 2022 بوو، تا ئێستا تەنیا رووفاتی 696 ئەنفالکراوی بارزانی هێنراوەتەوە، هێشتا رووفاتی زیاتر لە حەوت هەزار بارزانی لە خوارووی عێراق ماون.