هەفتەیەکی زۆر گەرم چاوەڕێمانە

+964

ژووری هەواڵ

هەندێ شارەزای کەشناسی بە پێی پێوانە و حیساباتی خۆیان دەڵێن، ئەم هەفتەیە یەکێک دەبێت لە گەرمترین هەفتەکانی ساڵ و گەرماکەی بێزارکەر و تاقەت پڕوکێن دەبێت.

محەمەد عەلی فەهیم، سەرۆکی سەنتەری زانیاریی گۆڕانی کەشوهەوا لە وەزارەتی کشتوکاڵی میسر دەڵێت، بە گشتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست گەرمترین هەفتە بەخۆوە دەبینێت و تا کۆتایی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.

ئەم هەفتەیە تیشکی خۆر تەواو ستوونی و بەهێز دەبێت، ئەگەر زۆر بەر جەستە بکەوێت ئەوە زیانی دەبێت، بۆیە رێنمایی خەڵک کراوە تا دەتوانن خۆیان بپارێزن لە چوونە دەرەوە لە رۆژدا.

پێشتریش شارەزایان وتبوویان ئەم هەفتەیە دیاردەی گومەزی گەرمی لە وڵاتانی میسر، لوبنان، سوریا، ئوردەن، یەمەن و سعودییە سەرهەڵدەدات و کاریگەرییەکەی دەگاتە سەر عێراق و کوێتیش.

بە هۆی جیاوازیی زۆری پلەی گەرما، چینەکانی سەرەوەی بەرگەهەوا و چینەکانی خوارەوە بەرگێکی هەوایی شێوە گومەز لەسەر ئەم وڵاتانە دروست دەکەن و ناهێڵێت هەوای گەرم بچێتە دەرەوە، بۆیە تا دێت پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە.