کەمئەندامان لە پێدانەوەی پێشینەکانی هاوسەرگیری بەخشراون
+964
ئەحمەد مستەفا
ئێستا کە دوومانگ وادە دانراوە، بۆ گەڕاندنەوەی پێشینەی هاوسەرگیری، سکرتێری کەمئەندامان دەڵێت، داوا دەکەم کەمئەندامان ئاگاداربن کە بەخشراون.
پێشینەی هاوسەرگیری (زەواج) بۆ هەر سەرۆک خێزانێک بڕی پێنج ملیۆن دیناریان بۆ خەرج کرا، ئێستا داواکراوە تا دوو مانگی داهاتوو وەک کۆتا وادە، پارەکە بگەرێننەوە بۆ خەزێنەی حکومەت.
بەڵام وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و وەزارەتی دارایی رێککەوتوون، کار بە رێنمایی ژمارە (20) ی بەرێوبەرایەیی گشتی ژمێریاری بکەن و ئەو پێشینانە لە کەمئەندامان وەرنەگرنەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 18.7.2023، سامان حوسێن، سکرتێری یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان بە 964ی وت، “بڕیارەکە لە هەریەک لە شارەکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی کارایە”.
زیاتر لە دوو هەزار کەمئەندام سوودمەندی پێشینەکە بوون، بە وتەی سامان حوسێن بێت، “هەر کەمئەندامێک داوای گێڕانەوەی پارەکەی لێ کرا، دەبێت نارەزایەتی بگەیەنێت بە بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری کۆمەڵایەتی پارێزگاکەی تا نووسراوی بۆ بکەن”.
پێشتر، حکومەتی هەرێمی کوردستان داشکاندنی 15%ی بۆ گەڕانەوەی پێشینەی هاوسەرگیری دەرکرد، بە مەرجێک تا 20ى ئەیلولى ئەمساڵ قەرزەکە بگەرێنێتەوە.