لە ئاکرێ دوو گورگ کەتنیان نایەوە.. سێ ملیۆن دیناریان خواردووە
964+
زەید کۆچەر-دهۆک
لە گوندێکی ئاکرێ دوو گورگ کەوتوونەتە ناو رانە مەڕێکەوە یەکێکیان هەر لە رێوە خواردووە، 10ی تریان کوشتووەو چەند دانەیەکیشیان بە برینداری و کەلەپاچەیی جێهێشتووە.
رووداوەکە دوێنێ شەو روویداوە لە گوندی مام خەلیفەی ناحیەی گردەسێن لە قەزای ئاکرێ، خاوەنی مەڕو ماڵاتەکە تا درەنگانی شەو بە دیاریانەوە بووە هیچ لە گۆڕێ نەبووە، بەڵام کە لە نوێژی بەیانی دەگەڕێتەوە دەبینێت دوو گورگ فرتە دەکەن و دەردەچن، ئەویش خێرا رادەکاتە حەسارەکە دەبینێت کەلاکی مەڕ لەو ناوە کەوتووە و گورگ بە دڵی خۆی لێی کوشتوون و لێی خواردوون.
رەعد فەیسەڵ ئیسماعیل خاوەنی مەڕەکانە بە 964ی وت ”دوێنی تا درەنگانی شەو خۆم و باوکم ئاگاداری مەڕەکانمان بووین، بەڵام دوایی ئێمە رۆیشتین و نوستین دوو گورگ هاتوونەتە شوێنی مەڕەکان و ئەو کارەیان کردووە”.
رەعد پێی سەیرە ئەوەی بەسەرهاتووە، چونکە یەکەمجارە لە گوندەکەی ئەوان شتی وا روو دەدات، دەڵێت ”گورگەکان 10سەر مەڕیان کوشتووە، یەکێکیان قووتداوە و سێی تریان بریندارکردووە، زەرەری سێ ملیۆن دیناریان لێداوین”.