له‌ شیلادزێ كه‌مى ئاو جوتیارانى ناچار كرد ئاوى رووبار به‌كاربێنن

964+

هیڤی دێوالی – دهۆک

به‌هۆى كه‌می ئاو، جوتیارانى شیلادزێ ناچار بوون له‌ رێگه‌ى جۆگه‌وه‌ ئاوى رووبار بۆ سه‌ر زه‌ویه‌ كشتوكاڵییه‌كانیان رابكێشن .

جوتیاره‌كان بردنى جۆگه‌ و پاككردنه‌وه‌یان به ‌هاوكارى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ئاوێرى قه‌زاى ئامێدی ئه‌نجامداوه‌.

له‌ گونده‌كانى خاستۆى خواروو و سه‌روو و ساركێ و لانكا نزیكه‌ى 500 دۆنم ره‌ز و باخ و بێستانى جیاواز هه‌ن، به‌ڵام به‌هۆى نه‌بوونى ئاو به‌ره‌و وشكبوون ده‌چن، به‌شێكی زه‌ویه‌كانى ئه‌و گوندانه‌ش ساڵانه‌ ده‌كرێته‌ برنج.

بۆتان ئامێدی، به‌ڕێوه‌به‌رى ئاوێرى قه‌زاى ئامێدی به‌ 964ـى راگه‌یاند، ئه‌و جۆگه‌یه‌ى پێشتر بۆ ئه‌و گوندانه‌ هه‌بووه‌ به‌هۆى وشكه‌ساڵییه‌وه‌ ووشك بووه‌و هه‌مان كات جۆگه‌كه‌ له‌ ئاستى رووباره‌كه‌ به‌رزتره‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئاودێرى دهۆك توانیویانه‌ پاكی بكه‌نه‌وه‌.

وتیشی “درێژى جۆگه‌كه‌ دوو كیلۆمه‌تره‌ و دواى پاككردنه‌وه‌ى توانرا ئاو بگه‌یه‌ندرێته‌ ره‌ز و باخ و بێستانه‌كانى ئه‌م گوندانه‌”.

ئه‌مساڵ به‌هۆى لافاو و بارانه‌وه‌ زۆربه‌ى پرد و جۆگه‌كانى سنوورى قه‌زاى ئامێدى تێكچووبوون . ئه‌مه‌ش كێشه‌و گرفتى بۆ جوتیارانى ئه‌م سنووره‌ دروست كردبوو.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن