ئەمڕۆ بە 13 ملیۆن بەرد شەیتان رەجم دەکرێت
964+
فەهمی نەبی
دوای هاتنەوەیان لە کێوی عەرەفە، ئەمڕۆ یەکەم رۆژی جەژن حاجیان دەچنە جەمرەی عەقەبە و هەر حاجیەک بە حەوت بەرد شەیتان رەجم دەکات، ئەمەش بەپێی ژمارەی حاجیانی ئەمساڵ ئەمڕۆ بە نزیکەیی 13 ملیۆن بەرد ئاراستەی شەیتان دەکرێت.
رەجمکردنی شەیتان یەکێکە لە پایەکانی بەجێهێنانی فەریزەی حەج، کە حاجیان لە رۆژی 10ی زولحیجە، واتا یەکەم رۆژی جەژن پۆشاکی ئیحرام لادەبەن و دەچنە جەمرەی عەقەبە و ئەو بەردەی لە رۆژی پێشتر لە رێگای گەڕانەوەیان لە کێوی عەرەفە هەڵیدەگرنەوە شەیتانی پێ رەجم دەکەن و دواتر ئاژەڵێک دەکەنە قوربانی.
بەپێی سەرچاوەی گێڕانەوە ئاینییەکان، شەیتان لەو شوێنە خۆی نیشانی حەزرەتی ئیبراهیم داوە و ویستویەتی پەشیمانی بکاتەوە لە قوربانیکردنی ئیسماعیلی کوڕی، حەزرەتی ئیبراهیم بەردی لە شەیتان گرتووە، ئەمە بۆتە یەکێک لە پایەکانی بەجێهێنانی فەریزەی حەج.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە، ئەمساڵ زیاتر لە یەک ملیۆن و 800 هەزار کەس بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج لە سعودیەن.
بۆ ئەمساڵ ئەوانەی بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج لە هەرێمی کوردستانەوە چوونەتە سعودیە، ژمارەیان چوار هەزار و 685 کەسە.