زبڵخانەكەی كانی قرژاڵە پەرژین دەكرێت
964+
كوردستان ئەحمەد
سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر ملیارێک دینار تەرخاندەكات بۆ كۆنكرێتكردنی شەقامی گردە ڕەشە و دروستكردنی پەرژین بۆ زبڵخانەكەی كانی قرژاڵە.
پەرژینەكە بە دەوری تەواوی زبڵخانەكەدا دەبێت، دوو دەروازەی بۆ دەكرێت بۆ ئەوەی زبڵ لەرێگەیەوە بكریتە شوێنەكە، هاوکات شەقامەکەشی بۆ کۆنکرێت دەکرێت.
شەقامەكەی گردەڕەشە تا ئێستا خۆڵە و بەهۆیەوە هاتوچۆی هاوڵاتیان ئاستەنگی بۆ دروستدەبێت،ئێستا پارەی بۆ دابینكراوە و لە ماوەیەكی تردا دەستدەكرێت بە كۆنكرێتكردنی، ئەو پارەیەش كەبۆی دابینكراوە 15%ـی لەسەر داهاتی شارەوانی هەولێرە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، ئەمە بۆ خزمەتكردنی زیاتری هاوڵاتیانە و زبڵخانەكەی كانی قڕژاڵە كۆ دەكاتەوە و دەبێتە هۆی كەمبونەوەی زیانە تەندروستیەكان.
ژیار جەلال، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری ژینگەی سەر بە سەركایەتی شارەوانی هەولێر بە 964ی وت، بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی زبڵخانەكەی كانی قرژاڵە ئەم پەرژینە سودێكی زۆری هەیە و هەر كە پارەكەیان بەدەستگەیشت دەستبەكارەكانی دەكەن.
لە ساڵی 2003وە تاوەکو ئێستا خۆڵ و خاشاکی هەولێر لە زبڵخانەی کانی قرژاڵە کۆدەکرێتەوە و ژێرخاک دەخرێت، تا ئێستا، 300 دۆنمی پڕبووەتەوە لە خۆڵ و خاشاک و دەكەوێتە رۆژئاوای شاری هەولێرەوە لە سەر رێگەی موسڵ.