وەزارەتی كشتوكاڵ دوو جۆر قەرز دەداتە جوتیاران
+964
كوردستان ئەحمەد
وەزارەتی كشتوكاڵ دوو جۆر قەرز دەدات بە جوتیاران یەكێكیان بۆ كڕینی ئامێری كشتوكاڵییە و یەكێكی دیكەیان بۆ داهێنانە لە كاری كشتوكاڵیدا.
لە بەرنامەی گفتوكۆدی 964دا كە رۆژی شەممە، كاتژمێر 9 پەخشدەكرێت، هیوا عەلی، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ رایگەیاند، دوو جۆر قەرزیان بۆ جوتیاران هەیە، جوتیارانی سەرجەم ناوچەكانی كوردستان دەتوانن سودمەندبن لە قەرزەكە.
قەرزی یەكەم، بریتییە لە قەرزی كڕینی ئامێری كشتوكاڵی، هەرجوتیارێك لە شوێنەكەی خۆی دەتوانێت بڕواتە بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵ و داوابكات كە دەیەوێت ئامێرێكی كشتوكاڵی بكڕێت بەتایبەتی ئەگەر جۆرەكەی ئیتاڵی بێت، دوای ئەوەی ئامێرەكە دیاریكرا و پەسەندكرا حكومەت لە رێگەی بانكەوە پارەی بۆ خەرج دەكات، ئەگەر ئامێرەكە بایی یەك دەفتەر دۆلار بێت جوتیارەكە سەرەتا دوو هەزار دۆلار دەدات و دواتر بە پێنج ساڵ هەشت هەزار دۆلارەكە دەدات، هیوا عەلی وای وت.
ئێستا 400 جوتیار لە كوردستاندا داواكارییان پێشكەشكردووە بۆ كڕینی ئامێری كشتوكاڵی كە زۆربەیان تراكتۆر و ئامێری كێڵان و چاككردنی زەوییەكانە.
هەر جوتیارێك بتوانێت، داهێنانێكی كشتوكاڵی بكات و كارێكی جیاواز بكات كە ببێتە هۆكاری ئەوەی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستاندا پێشبكەوێت، دەبێت بیرۆكەكەی لەگەڵ وەزارەت هاوبەشیی پێبكات، دواتر ئەگەر پەسەندكرا ئەوا پارەی بۆدابین دەكرێت و بە قیست پارەكەی پێدەدرێت، بەقسەی هیوا عەلی.
وەزارەتی كشتوكاڵ بۆ رووبەڕووبونەوەی كەمی كشتوكاڵ و چارەسەركردنی كێشەكانی جوتیاران ئەم دوو قەرزەی هەیە و لە پلانیدایە ساڵی داهاتووش هەمان كاربكات.
بەرنامەی گفتوكۆد بەرنامەیەكی هەفتانەی تۆری 964ـەو هەرجارە و قسە لەسەر بابەتێكی پەیوەست بە دۆخی ژیانی هاوڵاتیان شەنوكەو دەكرێت، رۆژی شەممە، كاتژمێر 9:00 بەكاتی هەولێر پەخشدەکرێت، بەرنامەی ئەمجارە بۆ قسەكردنە لەسەر دۆخی جوتیاران لە هەرێمی كوردستاندا.