پارچەیەک شوێنەواری سەردەمی ئاشورییەکان دەگەڕێندرێتەوە عێراق

964+

فەهمی نەبی

سەرۆک کۆماری عێراق لە ئیتاڵیا سەردانی مۆزەخانەی سەدەکانی ناوەڕاستی کردووە، پارچەیەک شوێنەواری سەردەمی ئاشوریەکانی لەو مۆزەخانەیە وەرگرتوەتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ئەوەی راگەیاند، د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆمار، سەردانی مۆزەخانەی سەدەکانی ناوەڕاستی کردووە لە شاری بۆڵۆنیای ئیتاڵیا.

پارچە شوێنەوارەکە بۆ سەردەمی ئاشورییەکان دەگەڕێتەوە، شارستانیەتی ئاشوریەکان لە باکوری میزۆپۆتامیا وڵاتی نێوان دوو رووبار سەریهەڵدا و بەگوێرەی سەرچاوە مێژووییەکان فەرمانڕەوایی دەسەڵاتەکەیان بۆ نزیکی دوو هەزار ساڵ پێش زاین دەگەڕێتەوە.

بەپێی راگەیەنراوەکەی سەرۆکایەتی کۆمار، وەزارەتی رۆشنبیری حکوموتی عێراق  17 هەزار پارچە شوێنەوار لە ئەمریکا و شەش هەزار پارچە شوێنەوار لە شانشینی یەکگرتوو بەریتانیا و دوو هەزار و 500 پارچەی دیکەی لە لوبنان گەڕاندوەتەوە.

لە کۆتایی مانگی ئایاری ئەمساڵ، بالیۆزخانەی عێراق لە ئەمریکا رایگەیاند، دوو پارچە شوێنەواری تەمەن شەش هەزار ساڵەیان لە ئەمریکا وەرگرتوەتەوە، ئەو پارچانانە پەیکەری فیل و مانگایەک بوون بۆ سەردەمی سۆمەرییەکان دەگەڕانەوە.