هاوڵاتیانی چوارقوڕنە 13 ساڵە چاوەڕێی تەواوکردنی پارکی دەروازەن

964+
مەجید بتوێنی – چوارقوڕنە

لە ناحیەی چوارقوڕنەی ئیدارەی راپەڕین 13 ساڵە پڕۆژەی پارکی دەروازەی شارۆچکەکە کارەکانی وەستاوە.

لەدەروازەی شارۆچکەی چوارقوڕنە رووبەری 54 دۆنم زەوی سیاجکرا تا پارکێکی خێزانی بۆ پشوودانی هاوڵاتیان دروست بکرێت.

حسێن زرار، سەرۆکی شارەوانی چوارقوڕنە بە 964ـی راگەیاند، بەشێکی پارکە خێزانییەکە سەوزکراوە و ئێستاش هەوڵی ئەوەیانداوە لە رێگەی کەرتی تایبەتەوە، پڕۆژەیەک لەناو پارکەکە جێبەجێ بکرێت لە خواردنگە و شوێنی یاری بە جۆرێک ببێتە خۆشترین پارکی ئیدارەی راپەڕین وەبەرهێنەری تریش بانگدەکرێن بۆ ئەو مەبەستە.
پارکـی دەروازە، یەکێکە لە گەورەترین پارکەکان لەسەر ئاستی دەڤەری راپەڕین تاقانەی ناحیەکەیە و هیچ پارکێکی تر بوونی نییە،
تائێستا پێنج سەرۆک شارەوانی ناحیەکە گۆڕاوە بەڵام پڕۆژەکە هەر وەک خۆی ماوەتەوە و تەواو نەکراوە.

بەشێکی زۆری پارکەکە هێشتا وشکە و چۆڵەوانییە، ئەمە لەکاتێکدایە دەروازەی شارۆچکەکە و چواردەوری کارگەی بلۆکە و رێژەی سەوزایی کەمە ئەمەش هاوڵاتیانی ناوچەکەی نیگەران کردووە.