لۆگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان - 964
سیستمێکی نوێ تێچووی تۆمارکردنی بازرگانی ٪80 هەرزان دەکات
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
لەمەودوا لە هەرێمی کوردستان، هاوڵاتیان دەتوانن هەر لە رێگەی پۆرتاڵێکی ئۆنلاینەوە دامەزراوە بازرگانییەکانیان تۆمار بکەن و پێویست بە رۆتیناتی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکان ناکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەت رایگەیاند، ئێستا لە رێگەی سیستمێکی نوێی دیجیتاڵییەوە دەتوانرێت کۆمپانیا و ناوى بازرگانى بە رێژەی ٪80 هەرزانتر لە جاران و لە ماوەی 24 کاتژمێری کارکردندا تۆمار بکرێن.
هەروەها داواکار بە شێوەی گەڕانی ئۆنلاین، دەتوانێت ناوە بازرگانییەکەى پشتڕاست بکاتەوە، تا کەسی دیکە نەتوانێت بە هەمان ناو لە هەرێمی کوردستان، کۆمپانیا تۆمار بکات.
بۆ سوودمەندبوون لەم سیستمە نوێیە، حکومەتی هەرێم پۆرتاڵێکی ئۆنلاینی کردووەتەوە: business.digital.gov.krd
“پێشتر پێویست بوو داواکار چەندان جار سەردانی فەرمانگە و بەشە جیاوازەکانى بەڕێوەبەرایەتی تۆمارى دامەزراوە بازرگانییەکان بکات، تا بە پڕۆسەیەکى دوور و درێژ و تێچوویەکى زۆر و دوو داواکاریى جیاواز، ناوی بازرگانی یان کۆمپانیاکەی تۆمار بکات”، فەرمانگەی میدیا و زانیاری وا دەڵێت.