“ئەو قاچاخچیە کوردەی بووە هۆی خنکانی ٢٧ کۆچبەر دەستگیرکرا”

964+

توانا نەقی – هەولێر

بەریتانیا قاچاخچییەکی دەستگیرکردووە کە گوایە ساڵی رابردوو لەگەڵ هاوکارەکانیدا بووەنەتە هۆی خنکانی ٢٧ کۆچبەر لە ئاوی نێوان ئەو وڵاتە و فەرەنسا.

ئاژانسی تاوانی نیشتیمانی بەریتانیا زانیاریی بڵاوکردووەتەوە، قاچاخچییەکە ناوی هەرێم ئەبوبەکرە و تەمەنی ٣٢ ساڵە، لە ناوچەی چێلتنهام لە باشوری رۆژئاوای بەریتانیا دەستگیرکراوە.

بەگوێرەی ئاژانسەکە، دەستگیرکراوەکە یەکێکە لەو قاچاخچیانەی لە تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو ژمارەیەک کۆچبەری لە رێگەی بەلەمێکی بچووکی ماسیگرتنەوە لە فەرەنساوە بە رێگەی کەناڵی ئینگلیز رەوانەی بەریتانیا کردووە، لەناو ئاوەکەدا بەلەمەکە نقوم بوو، بەهۆیەوە ٢٧ کەس گیانیان لەدەستدا.

لەو ٢٧ کەسە زۆربەیان کورد بوون، خەڵکی باشور و بە زۆری رۆژهەڵاتی کوردستان بوون، کە لە کاتی خۆیدا کاردانەوەی فراوانی لێکەوتەوە.

ساڵانە کۆچبەران رێگەی ئاوەکانی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا کە بە کەناڵی ئینگلیز ناسراوە بەکاری دەهێنن بۆ پەڕینەوەیان، فەرەنسا و بەریتانیاش بریاریانداوە رێکارەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی سنوورە ئاوییەکانی نێوانیان توندتر بکەن.