لە کەرکوک.. 18 تۆن ئایس کرێم و پەنیر دەستی بەسەردا گیرا
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
لە بازگەیەکی کەرکوک دەستبەسەر 18 تۆن ئایس کرێم و پەنیر و شیرەمەنی گیرا کە بۆ خواردن شیاو نەبووە.
هەشت تۆن ئایس کرێم و 10 تۆن پەنیر و شیرەمەنی لەلایەن لیژنە هاوبەشەکانی کەرکوک دەستی بەسەردا گیراوە بەهۆی ئەوەی بۆ خواردن نەشیاو بوو.
دەستبەسەرداگرتنەکە ئەمڕۆ چوارشەممە 31.5.2023 روویداوە، دواتریش لەلایەن لیژنە هاوبەشەکان و تەندروستی کەرکوک لەناوبراوە.
دکتۆر زیار خەڵەف جبوری، بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندوستی کەرکوک بە 964ـی وت، دوێنێ لەیەکێک لە بازگاکانی دەرەوەی شاری کەرکوک چەند شۆفێرێک بەنیازبون 10 تۆن پەنیر و شیرەمەنی و هەشت تۆن ئایس کرێم لەناو کەرکوک ساغبکەنەوە.
دەشڵێت: لەلایەن بەشی نەهێشتنی تاوانی پێشوەختە ئەو مەوادە دەستی بەسەردا گیراوە و کەسەکانیش بە بڕیاری دادوەری دادگای کەرکوک دەستگیرکران و دراونەتە دادگا .
پێداچوونەوە: فەرمان سادق