لە چەمچەماڵ پێنج دۆنم گەنم سووتا

964+

هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ

بە هۆکارێکی نادیار لە گوندی گورگەیی فەتاح، پێنج دۆنم گەنمی جوتیارێک سووتا.

گوندی گورگەیی فەتاح، گوندێکی نزیکە لەدەروازەی شاری چەمچەماڵ و لە رووی ئیداریەوە سەر بە ناحیەی شۆڕشە.

دانیشتویەكی گوندەكە دەڵێت، پێدەچێت ئاگرەكە بەهۆی سووتانی زبڵ و خاشاكەوە بووبێت.

گۆران سەلیم، بەڕێوبەری بەرگری شارستانی ناحیەی شۆڕش بە 964وت، تا ئێستا نازانین هۆكاری ئاگرەكە چییە و لێكۆڵینەوەی بەردەوامە.

پێش قەیرانی دارایی یاسایەک هەبوو، هەر گەنم و جۆیەک بسووتایە، ئەنجومەنی وەزیران دوای رێکارە یاساییەکان 30% بۆی قەرەبوو دەکردەوە، بەڵام دوای قەیرانی دارایی و شەڕی داعش ئەو بریاری قەرەبووە راگیراوە، بەپێی قسەی گۆران سەلیم.

ئاگرەکە کاتژمێر چواری عەسری ئەم ئێوارەیە کەوتۆتەوە و دواتر لەلایەن خەڵکی گوندەکە و بەرگری شارستانی شۆڕش کۆنتڕوڵ کرا.

پێداچوونەوە: کوردستان ئەحمەد