داوای نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی رێگای نێوان هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ سیروان ده‌كرێت

964+
كوردستان ئه‌حمه‌د

شەقامی نێوان هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ ناحیه‌ی سیروان پڕ بووە لە چاڵ تاسە و بەشێکی زۆری رێگاکە خراپ بووه‌, هاوڵاتیانیش داوای نۆژه‌ن كردنەوەی دەکەن.

رێگاكه‌ نزیكه‌ی دوو كیلۆمه‌تره‌، له‌ سێڕیانی سه‌رچاوه‌ی زه‌ڵم له‌ گوندی ته‌په‌تۆڵه‌كه‌وه‌ تا نزیك ده‌روازه‌ی ناحیه‌ی سیروان یه‌ك سایدە، له‌ناو ناحیه‌كه‌شه‌وه‌ تا ناو هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌بێته‌ دووساید.

رێگاكه‌ به‌هۆی چاڵ و تاسه‌وه‌ بەشێکی زۆری خراپ بووه‌، له‌هه‌ندێك شوێن رێگاكه‌ که‌ڵكی نەماوە و ئۆتۆمبێل به‌ ئاسانی ناتوانێت تێپه‌ڕێت.

به‌شێك له‌ هاوڵاتیانی ناحیه‌ی سیروان و گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری داواده‌كه‌ن رێگاكه‌یان بۆ نۆژه‌ن بكرێته‌وه‌ و هێلكاری شەقامەکەشیان بۆ بكرێت.

له‌تیف محه‌مه‌د، سه‌رۆكی شاره‌وانی ناحیه‌ی سیروان به‌ 964ـی له‌ رێگای ئه‌نجومه‌نه‌وه‌ چه‌ندینجار داوامان لێكراوه‌ بۆ چاككردنی رێگاكه‌، ئێمه‌ش ده‌رخسته‌مان كردووه‌ بۆ رێگاكه‌ و ره‌وانه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌مان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی رێگاكه‌مان بۆ چاك بكرێت،  به‌ڵام تا ئێستا هیچ وه‌ڵامێكیان نه‌دراوەتەوه‌.

سنووری ناحیه‌ی سیروان، له‌ گوندی ته‌په‌تۆڵه‌كه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات تا ده‌گاته‌ نزیك بازگه‌ی ئاسایشی هه‌ڵه‌بجه‌, رێگاكه‌ ته‌نیا یه‌كجار نۆژه‌نكراوه‌ته‌وه‌، ساڵی 2007ـیش ته‌نیا چاڵه‌كانی پڕكراونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام رێگاكه‌ هێشتا چاڵی زۆره‌.