قوتابخانە ناحكومیەكان

وەزارەتی پەروەردە: دەبێت گرنگی بەزمانی كوردی بدەن

964+
كوردستان ئەحمەد- هەولێر
وەزارەتی پەروەردە بەیاننامەیەكی لەسەر زمانی كوردی لە قوتابخانە ناحكومیەكان بڵاو كردوەتەوە و دەڵێت گوێ لە رەخنە و گلەییەكان دەگرین و دەبێت لەقوتابخانە ناحكومیەكانیش گرنگی بەزمانی كوردی بدرێت.
وەزارەتی پەروەردە دەڵێت،گلەیی و رەخنە هەبوو لەبارەی لاوازی خوێندنی زمانی کوردی لە قوتابخانە ناحکومییەکان ، بۆیە پلانمان دانا بۆ ئەوەی گرنگی بدەین بە خوێندنی زمانی کوردی.
هەر لەبەر ئەم حاڵەتەیە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی بەشە وانەی کوردی زیاد بکەن.

وەزارەتی پەروەردە دەشڵێت، لە 3.4.2023 تاقیكردنەوەیەكمان ئەنجامدا بۆ هەڵسەنگاندن پێوانەکردنی ئاستی قوتابیان لە زمانی کوردی لە قۆناغی بنەڕەتی لە ناوەندەکانی خوێندنی ناحکومی گەیشتین بەم ئەنجامانە.

1- ژمارەی ئەو قوتابخانە بنەڕەتییە ناحکومیانەی ئەو تاقیکردنەوەیەیان تێدا ئەنجامدرا (151) قوتابخانە بوو.
2- ژمارەی قوتابیانی بەشداربوو لە پۆلی پێنجەمی بنەڕەتی بریتی بوون لە ( 7359 ) قوتابی.
3- ژمارەی قوتابیانی دەرچوو لەو تاقیکردنەوەیەی زمانی کوردی بریتی بوون لە ( 6196) قوتابی .
4- ڕێژەی دەرچوون (%84.2) هەشتاو چوار پۆینت دوو لەسەد بوو.
5-پرسیاری تاقیکردنەوەکان سەرتاسەری بوو لە لایەن لیژنەی باڵای تاقیکردنەوە گشتییەکانەوە دانرابوو .
6- (18) هەژدە مامۆستای پسپۆر بە سەرپەرشتی لیژنەی باڵای تاقیکردنەوە گشتییەکان ئەرکی پشکنینی تێنووسی تاقیکردنەوەی قوتابییەکانیان پێسپێردرا. کە بە (11 ) یازدە رۆژ پشکنینی تێنوسەکانیان تەواو کرد .
7- سەرپەرشتیارە بەڕێزەکان سەرپەرشتی پرۆسەکەیان کرد.

لە كۆتایی راگەیەنراوەكەی وەزارەتی پەروەردەدا هاتووە، ئەزمونەكانی  وەزارەت رادەسپێرین کە پاڵپشت بەوردەکاری ئەنجامەکان گفتوگۆ لەگەڵ پسپۆرانی زمانی کوردی بکەن ، بۆ هەر قوتابخانەیەک تەواوی ئەنجامی قوتابیەکانیان بۆ دەنێرینەوە، پاڵپشت بە ڕێنوێنی و راسپاردەی پسپۆرانی مامۆستایانی زمانی کوردی راسپاردەی گشتیی بۆ هەر قوتابخانەیەک و راسپاردەی تایبەت بە دەرنەچوان و راسپاردەی تایبەت بە بەرزکردنەوەی ئاستی زمانی كوردی