سەهەند بانگهێشتی ریزی هەڵبژاردەی عێراق کرا
964+
یادگار محەمەد – سلێمانی
دوای ئەو ئاستە بەرزەی لە وەرزی ئەمساڵدا پیشانیدا، سەهەند ئەشرەفی یاریزانی کوردی ریزی تیپی تۆپی دەستی یانەی کەرخ، وەک تاکە یاریزانی کورد بانگهێشتی ریزی هەڵبژاردەی عێراق کرا.
شەریف موئمینی میسری و راهێنەری هەڵبژاردەی تۆپی دەستی عێراق، کە لە وەرزی ئەمساڵی خولەکەدا لە نزیکەوە ئامادەی یارییەکان بووە و چاودێری گشت یاریزانای کردووە، 25 یاریزانی بانگهێشتی ریزی هەڵبژاردەکە کردووە کە یەکێکیان سەهەند ئەشرەفی یاریزانی کوردی ریزی یانەی کەرخە.
سەهەند ئەشرەف بە 964ی راگەیاند، وەک بچووکترین یاریزان لە رووی تەمەنەوە چوومەتە ریزی هەڵبژاردەی عێراقەوە، ئەوەش ئەرکم قورس دەکات و هەوڵ دەدەم هەموو تواناکانی خۆم بەکاربهێنم تاوەکو ببمە جێگەی شانازی گەلەکەم.
سەهەند ئەشرەف لە وەرزی ئەمساڵی خولی تۆپی دەستی عێراق لە ریزی یانەی کەرخ لە کۆی 20 یاری 128 گۆڵی بۆ یانەکەی تۆمارکرد و بووە دووەم گۆڵکاری خولەکە.
بریارە لە رۆژانی 1 تا 15ـی 6 هەڵبژاردەی تۆپی دەستی عێراق، لە وڵاتی ئێران بچێتە کەمپێکی مەشق و راهێنانەوە و دواتریش بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ پاڵەوانێتی وڵاتانی عەرەب، هەڵبژاردەکە کەمپێکی تر لە وڵاتی چین دەکاتەوە، هەرچەندە بڕیار وایە کە پاڵەوانێتی تۆپی دەستی وڵاتانی عەرەب لە جەزائیر بەڕێوەبچێت، بەڵام تا ئێستا کاتی دەستپێکردنی دیاری نەکراوە.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد