100 ملیۆن دینار بۆ چارەسەری کێشەکانی تەندروستی گەرمیان خەرج دەکرێت
964+
میلاد جەلال- گەرمیان
100 ملیۆن دینار بۆ کێشە تەندروستییەکانی گەرمیان دابین کرا
ئەمڕۆ سێشەممە بانکی ناوەندیی سلێمانی بڕیاری دا بڕی 100 ملیۆن دینار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی تەندروستی گەرمیان تەرخان بکرێت.
ئەو بڕەپارەیە چارەسەری تەواوی کێشەکانی تەندروستی گەرمیان ناکات، بەڵام بە شێوەیەکی کاتی چارەسەری دابینکردنی دەرمان و خواردنی کارمەندان و پزیشکانی تەندروستی و پارەی کارمەندانی پاککەرەوە دەکات، وتەبێژی ئیدارەی گەرمان وای وت.
چۆمان ئەحمەد وتەبێژی ئیدارەی گەرمیان بە تۆڕی 964ى وت، “ئەمڕۆ سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان پاش سەردانی بۆ نەخۆشخانەی قەڵا و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی تەندروستی، بۆ چارەسەری کێشەکانیان پەیوەندی بە بەڕێوەبەری بانکی ناوەندیی سلێمانی کرد، دواتر بڕیاردرا بڕی 100 ملیۆن دینار بۆ چارەسەری کێشەکانی تەندروستی گەرمیان تەرخان بکرێت”.
لە بارەی قەرزەکانی تەندروستی گەرمیانەوە تۆڕی 964 چەند جارێک پەیوەندی بە بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی گەرمیان کرد، بەڵام وەڵامی نەبوو.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا