تەقەیان لێکردووە

مۆبایل موختاری گونده‌كه‌ى ناحیەی رەشادى رزگار كرد

964+

کاروان ساڵحی – کەرکوک

له‌ سنوورى كه‌ركوك، ماتۆرسوارێک تەقە لە موختاری گوندێك‌ ده‌كات و بە سەختی بریندارى ده‌كات، قایمقامیه‌تى كه‌ركوكیش ده‌ڵێت گولـله‌كه‌ به‌ر مۆبایلی كه‌وتووه‌، كه‌ له‌ گیرفانى سه‌ر دڵى دانابوو، به‌م هۆیه‌وه‌ رزگارى كردووه‌.

کاتژمێر یەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە رێکەوتی 6.5.2023 چەکدارێکی نەناسراو بە سواری ماتۆرسکیلێک لە گەڕەکی دۆمیزی شاری کەرکوک تەقە لە موختاری گوندی عرێشەی سەر بە ناحیەی رەشاد کردووە و بە سەختی برینداری کردووە ، پاشان رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.

سەرچاوەیەکی ئەمنی بۆ 964 پشتڕاستیکردەوە، ئەو کەسەی بریندار کراوە ناوی محەمەد عەبدوڵایە و موختاری گوندی عرێشەی سەر بە ناحیەی رەشادە لە باشوری کەرکوک و بە سەختی لەلایەن ماتۆڕسکیلێکەوە کراوەتە ئامانج ، ئێستاش بارودۆخی جێگیرە .

كاوه دەلۆیی وتەبێژى قایمقامیەتی کەرکوکیش بە 964ـی وت، “ئەو موختارە لە ناو ئۆتۆمبێلەکەی خۆی بووە لە جۆری هۆندای ئەلەنترا، لە گەڕەکی دۆمیز چوار فیشەکی پێوەنراوە، یەکێک لە فیشەکەکان بەر مۆبایلکەی کەوتووە لەو گیرفانەی لەسەر دڵی بووە خۆشبەختانە زیانەکەی کەمتر بووە”.

وتیشی، “دره‌نگانى شه‌وى رابردووش نەشتەرگەری بۆ ئەنجامدراوە و ئێستا بارودۆخی زۆر باشە”.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن