17 رۆژە گەڕان بەدوای تەرمی گەنجێکی خنکاو لە رووباری سیروان بەردەوامە
964+
میلاد جەلال- گەرمیان
ماوەی 17 رۆژە هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی تەرمی گەنجێکی تەمەن 26 ساڵ بە ناوی (ئەحمەد لوقمان) لە رووباری سیروان بەردەوامن، کە بە مەبەستی راوەماسی چووبووە سەر رووبارەکە.
پەیامنێری 964 دەڵێت، تیمەکانی گەڕان و مەلەوانی، بە هاوکاری ژمارەیەک لە هاووڵاتیانی خۆبەخشی ناوچەکە، بە شێوەیەکی بەردەوام لەسەر رووبارەکە جێگیربوون بۆ ئەوەی کۆتایی بە چاوەڕوانی تاڵی بنەماڵەکەی بهێنن.
ئاماژەش دەکات بەوەی بڕیارە سبەی شەممە کارەکانی گۆڕینی رێڕەوی رووباری سیروان بگاتە قۆناغی کۆتایی، ئەمەش بە ئامانجی کەمکردنەوەی ئاستی ئاوەکە و ئاسانکاری بۆ پشکنیینی وردی ئەو گۆماوانەی کە ئەگەری هەیە تەرمەکەی تێدا مابێتەوە.
پێداچوونەوە: پەری ساڵح