شیفا دەبەخشێ

دارە دوو رەنگەکەی خەلان سەرنجڕاکێش و دەگمەنە

ئاکام غەفور – سۆران

لە گوندی خەلانی سەر بە قەزای خەلیفان دار بەڕوێک دوو رەنگ بووە بە جێی سەرنجی خەڵک و گەڵاکەشی بۆ چارەسەری نەخۆشی بەکاردێت.
بەڕووەکە تەمەنی زیاتر لە 100 ساڵ دەبێت و لەوەتەی هەیە بەم شێوەیە نیوەی دارەکە رەنگی گەڵاکەی سەوزێکی تۆخە و نیوەکەی تری سەوزێکی کاڵە.
حاجی جەواد خەلانی، 50 سالە لە گوندەکەیە و بۆ 964 دەڵێت، لە باب و باپیرانمانەوە ئەم دارە هەر وابووە، دارەکە یەک قاپە بەڵام لەسەرەوە دەبێت بە دوو رەنگ، سروشتی دارەکە هەر وایە و موتربە نەکراوە، لە هیچ شوێنێک داری ئاوا دوو رەنگ بوونی نیە و ئەمە جیاواز و سەرنج راکێشە.
وەک باسی دەکات، بەشی گەلا سەزە کاڵەکەی بۆ نەخۆشی زەرتک بەکاردێت و چارەسەری نەخۆشیەکە دەکات، بەردەوام خەڵک لە شوێنەکانی تری کوردستان سەردانی ئەم دارەکە دەکەن بۆ بینینی.
دارەکە بۆ خەڵکی گوند بەوە بە رەمزێک و خۆشەویستیەکی تایبەتیان هەیە بۆ دارەکە، بە هەموویان دەیانەوێت پارێزگاری لە دارە جیاوازەکە بکەن.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا