دیزاینێکی نوێ بۆ مۆنۆمێنتی هەڵەبجە دروستدەکرێت

964+

محەمەد عومەر – هەڵەبجە

کچە ئەندازیارێکی هەڵەبجەیی دیزاینێکی نوێ بۆ مۆنۆمێنتی هەڵەبجە دروستدەکات و دەڵێت، ئەوەی ئێستا هەیە پێویستە فراوان بکرێت.

مۆنۆمێنتی هەڵەبجە کە لە ساڵی 2003 دروستکراوە، تێیدا دەیان بەڵگە لەسەر کیمیابارانی شارەکەی تێدا پارێزراوە.

ئەندازیار رەیان عەبدولرەحیم مەلا تاهیر، کچە ئەندازیارێکی هەڵەبجەییە هەڵساوە بە دروستکردنی دیزاینێکی نوێ بۆ مۆنۆمێنتی هەڵەبجە.

ئەو ئەندازیارە دەڵێت: ئەو مۆنۆمێنتە خاوەن کەمترین خزمەتگوزارییە و پێویستە بکرێتە مۆنۆمێنتێکی نێودەوڵەتی و فراوانتر بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش “وەک هەوڵێکی متەوازعانە ئەم بیرۆکە و دیزاینە لە (16.3.2023) پێشکەش بە شارەکەم، شاری شەهیدان دەکەم بەو هیوایەی خزمەتێک بکات و بتوانرێت سوودێکی لێوەربگیرێت”.

ئەندازیار رەیان عەبدولرەحیم مەلا تاهیر، باس لە بیرۆکەی دیزاینەکەی دەکات کە دابەشی سەر چوار بنەما کراون، مێژووی کۆن و نوێ و داهاتووی هەڵەبجە و سروشتی کارەساتەکە و دەرئەنجامەکانی و چۆنیەتی روانین بۆ ئایندەی شارەکە.

زیاتر وتی “ئەوەی کردووەمە پڕۆژەی کۆتا ساڵی خوێندنم بوو لە زانکۆ کە بە هاوکاری مامۆستایانی کۆلیژەکەم ئامادەم کردووە، چوارچێوەیەکی هونەری ئەندازەییە لەڕێگەی مۆنۆمێنتەکەوە گوزارشتی لێ دەکرێت”.

ئەو هەوڵەی ئەندازیار رەیان عەبدولرەحیم مەلا تاهیر، لە کاتێکدایە ئەنجومەنی وەزیران لە 15.3.2022 لە وەڵامی نووسراوێکی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، رەزامەندی داوە لەسەر فراوانکردنی مۆنۆمێنتەکە.