ژمارەیان 1070 مەدەنی و شەرڤانە
هەسەدە بەدواداچوون بۆ دیل و بێسەروشوێنبووانی شەڕ دەکات
964+
فەرهاد حەسەن
لیژنەیەکی تایبەت بەو کەسانەی کە لە شەڕەکانی ماوەی رابردووی (هەسەدە) لەگەڵ گروپەکانی سەر بە حکومەتی سوریا دیل و بێسەروشوێن بوونە، لەگەڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات کۆبوونەوە و کار لەسەر ئازادکردن و ئاشکراکردنی چارەنووسیان دەکەن کە بەپێی ئامارێکی فەرممی ژمارەیان هەزار و 70 کەسە.
راگەیاندنی (هەسەدە) بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ شەممە، مەزلوم عەبدی لەگەڵ لیژنەی نوێنەرایەتی کەسوکاری دیل و بێسەروشوێنەکان کۆبووەوەم جەختیی لەوە کردەوە کە ئەم پرسە بەپێی رێکەوتنەکەیان لەگەڵ حکومەتی سوریا، پێویستە بە زووترین کات جێبەجێ بکرێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، کە (هەسەدە) بە فەرمی لە هەبوونی هەزار و 70 زیندانی لە زیندانەکانی سوریا، ئاگادارکراوەتەوە، کە بریتین لە هاوڵاتیی سڤیل و شەرڤان.
عەبدی بە لیژنەکەی وتووە، هەوڵی چڕوپڕ لەئارادایە بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە لە کاتێکی دیاریکراودا، دووپاتیشیکردووەتەوە کە لەماوەی داهاتوودا زیندانییەکان دەگەڕێندرێنەوە ناو خێزانەکانیان.