"تەنیا یەك كلیك بەسە"

لە رێگەی ژیری دەستکردەوە ماوەی 50 ساڵ ئاوەدانی شارەکانی کوردستان ببینە

964+

فەرهاد حەسەن

لە رێگەی ژیری دەستکردەوە دەتواندرێت ماوەی 50 ساڵ ئەو گۆڕانكاریانە ببینیت، كە لە رووی ئاوەدانییەوە بەسەر شارەكانی كوردستاندا هاتوون و شارەزایەكی ئەم بوارەش دەڵێت، ئەم كارە زۆر قوڕس نییە “تەنیا یەك كلیكی دەوێت”.

کەیفی فاخیر برایم، ناسراو بە کەیفی چۆمانی، خاوەن بڕوانامەی ماستەر لە لافاو و مامۆستای بەشی ئەندازیاریی شارستانی لە کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی راپەڕین، كە شارەزایەو سەروكاری لەسەر ئەم بابەتە هەیە دەڵێت، بەهۆی ژیری دەستکردەوە، ئێستا دەتوانیت بزانیت، شارەکان چەند گەورەبوونە، چی گۆڕاوە، کوێ گۆڕاوە، “دەتوانیت بەراوردی چەندان ساڵی رابردوو بکەیت، بەبێ ئەوەی یەک کۆدیش بنوسیت یاخود هەنگاو ئەنجام بدەیت”.

كەبفی دەڵێت “ئێستا تەنیا بە تێکست بە ژیری دەستکرد دەڵێیت: بەراوردی فراوانبوونی شارم بۆ بکە لە نێوان ساڵانی 1975 تاوەكوە 2025، راستەوخۆ خۆی نەخشە و بەراوردکارییەکەت بۆ ئەنجام دەدات”.

ئەو شارەزایە تاقیكردنەوەی لەسەر شارەكانی هەولێر، سلێمانی، كەركوك، دهۆك و ئیدارەی راپەرٍین كردووە و لە نەخشە ڤیدیۆگرافییكە بەروونی دەردەكەوێت كە ئەم شارانەی كوردستان لەماوەی 50 ساڵدا چیان بەسەر هاتووە.