گازیان بە نرخی کەمتر پێ دەدرێت
مۆلیدە ئەهلییەکانی چەمچەماڵ بێ زیادکردنی نرخ مانگرتنیان شکاند
964+
هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ
دوای ئەوەی دوێنێ بۆ زیادکردنی نرخی ئەمپێڕی کارەبا مۆلیدە ئەهلییەکانی چەمچەماڵ کارەبایان لە خەڵک بڕی، ئەمڕۆ بێ زیادکردنی نرخ دەستیان بە ئیش کردەوە.
بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی 964، بڕیار ىووە بۆ هەر ئەمپڕێک بڕی 13 هەزار دینار وەربگرن، بەڵام 12 هەزار دیناریان بۆ هەژمار کراوە.
ناڕەزایی خاوەن مۆلیدەکان لە بەرامبەر هەرزانیی نرخی ئەمپێڕی کارەبا و گرانیی گاز بووە.
چەند خاوەن مۆلیدەیەک لە چەمچەماڵ کە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکرێت، بە تۆڕی 964ـیان راگەیاند؛ سەرەتا بڕیار بووە هەر ئەمپێڕێک هەزار دیناریان بۆ زیاد بکرێت، بەڵام پێیان نەدراوە.
دەشڵێن، مانگی شوبات 210 کاتژمێر کارەبایان داوە بە هاوڵاتیان، بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی کارەبا 205 کاتژمێری بۆ هەژمار کردوون.
تۆڕی 964 دە زانێت، بەڵێن بە خاوەن مۆلیدەکان دراوە لەم مانگەوە گازیان بە بۆ دابین بکرێت و بە نرخی هەرزانتر پێیان بدرێت.
ئەردەڵان محەمەد، بەڕێوەبەری فەرمانگەی دابەشکردنی کارەبای چەمچەماڵ بۆ تۆڕی 964 وتی: پێویستە لەمەودوا مۆلیدە ئەهلییەکان پێوری زیرەک بۆ خوێندنەوەی ئەو کاتژمێرانەی کارەبا دابنێن کە دەیدەن بە هاوڵاتیان.
باس لەوەش دەکات، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان رێککەتوون گاز بە نرخی هەرزانتر بۆ مۆلیدە ئەهلییەکان دابین بکەن.