تەندروستی گەرمیان: بە دەرمان و پێداویستی پزیشکی هاوکاریی رۆژئاوا بکەن - وێنە: 964
تەندروستی گەرمیان:
“بە دەرمان و پێداویستی پزیشکی هاوکاریی رۆژئاوا بکەن”
964+
شۆڕش قادری
بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان داوا لە هەموو کۆگا و دەرمانخانە و پزیشک و کارمەندەکانی دەکات کە بە بەخشینی دەرمان و پێداویستی پزیشکی، هاوکاریی رۆژئاوای کوردستان بکەن.
بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان لە بانگەوازێکدا دەڵێت، “بەڕێوبەرایەتییەکەمان لە سۆنگەی بەهاناوەچوونی مرۆیی و نەتەوەییەوە، داوا دەکات لە هەموو نەخۆشخانەکان، ناوەند و سەنتەرە پزیشکییەکان، کۆگاکانی دەرمان و پێداویستی پزیشکیی، دەمانخانەکان و تاقیگەکان، لەپاڵ پزیشک و کارمەندەکانییدا، بۆ ئەوەی بە دەرمان و پێداویستی پزیشکیی هاوکاریی خەڵکی لێقەوماوی رۆژئاوای کوردستان بکەن”.
بۆ ئەم مەبەستە بەڕێوبەرایەتییەکە لە بەشی کۆگای دەرمان و پێداویستی پزیشکیی، شوێن و تیمی تایبەتی ئامادە کردووە بەمەبەستی وەرگرتنی هاوکارییەکان و هەڵگرتن و پاراستنیان بەشێوەیەکی تەندروستانە، دوای کۆکردنەوەی هاوکارییەکان، هەموو بەیەکەوە پێشکەش بەو کەمپینە دەکرێت کە گەنجانی گەرمیان بۆ هاوکاریی رۆژئاوا دەستیانپێکردووە.
بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان، داوایش دەکات، لەبەر ئەوەی خەڵکی رۆژئاوا پێویستییان بە هاوکاریی بەپەلە هەیە، لەماوەی دوو رۆژدا بەخشینەکانیان بگەیەنن بۆ ئەوەی پێشکەش بە هەڵمەتەکە بکرێت و دواتر بەڕێکاری تەندروستی سەلامەت بگەیەنرێتە رۆژئاوا.