لۆگۆى ئیدارەی خۆسەرى دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا
بەڕێوبەرایەتی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا
“ئەوەی لە شێخ مەقسود روویدا ناپاکی بوو نەک سەرکەوتنی سەربازی”
964+
وریا فەتاح
بەڕێوبەرایەتی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا، لە یەکەم کاردانەوەیدا دوای کۆنتڕۆڵکردنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لەلایەن سوپاى سوریاى عەرەبى و گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا، رایگەیاند کە ئەوەی روویداوە “تاوانی جەنگ و پاکتاوی رەگەزییە” و داوای گەڕانەوەی بەپەلەی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵەکانیان دەکات.
بەپێی بەیاننامەیەکی فەرمی بەڕێوبەرایەتییەکە، هێرشەکە کە شەش رۆژی خایاندووە، لە چوارچێوەی “پلانێکی تورکی”دا بووە و تێیدا هەزاران چەکدار بە پاڵپشتی تانک و تۆپخانە، هێرشیان کردووەتە سەر چەند سەد ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کە تەنیا چەکی سووکیان پێبووە.
گرنگترین تەوەرەکانی راگەیەندراوەکە:
گومان لە هێزەکان: خۆسەری دەڵێت لە ناو هێرشبەرەکاندا “چەکدارانی داعش” هەبوون و سوکایەتی بە تەرمی شەڕڤانان کراوە، ئەمەش وەک پەڵەیەکی شەرمەزاری لە مێژووی سوریادا وەسف دەکات.
ئاماری فەرماندەکان: لە بەیاننامەکەدا ناوى ژمارەیەک فەرماندە و شەڕڤان هاتووە کە وەک “پاڵەوانی بەرگریی مێژوویی” شێخ مەقسود ناویان براوە.
مەترسیی دیمۆگرافی: بەڕێوبەرایەتی خۆسەر هۆشداری دەدات لەوەی ئامانجی سەرەکی هێرشەکە “گۆڕینی دیمۆگرافی” ناوچەکەیە، بۆیە داوا لە دانیشتووانی هەردوو گەڕەکەکە دەکات دەست بە ماڵەکانیانەوە بگرن و ئەوانەشی ئاوارە بوون، بە زووترین کات بگەڕێنەوە.
داواکاری نێودەوڵەتی: داوا لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکرێت هێزێکی نێودەوڵەتی رەوانەی شێخ مەقسود بکەن، چونکە هیچ متمانەیەک بەو هێزە ئەمنییانە نییە کە ئێستا گەڕەکەکەیان گرتووە و بە “خاوەن بیری توندڕەو” ناوی بردوون.
خۆسەری لە کۆتاییدا بەڵێنی داوە کە هەموو تواناکانی تەرخان بکات بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانی خەڵکی حەلەب و پاڵپشتیکردنی ماددی و مەعنەویی ئەو خێزانانەی بەهۆی شەڕەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.