کارکردن و پاککردنەوەی رێڕەوە ئاوییەکانی بانی مەقان دەستیپێکرد
فراوانیش دەکرێ
پاککردنەوەی رێڕەوە ئاوییەکانی بانی مەقان دەستیپێکرد
964+
ئەحمەد مستەفا
لە یەکەم چالاکی و دەرکەوتنیدا، سەرۆکی نوێی شارەوانی چەمچەماڵ بەوەکالەت، لەگەڵ تیمێکی هونەری لە ئەندازیاران و رووپێوانی شارەوانییەکەی، سەرجەم رێڕەوە ئاوییەکانی سنووری چەمچەماڵیان بەسەرکردەوە.
وەک لە راگەیەندراوەکدا باسی کراوە، لەسەر راسپاردەی بەڕێوەبەری نوسینگەی سلێمانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە سەرپەرشتیاری کۆمسیۆنی بوژاندنەوەی چەمجەماڵە سەردانی سەرجەم رێڕەوە ئاوییەکانی سنوری چەمچەماڵ بکەن.
رۆژی پێنجشەممە 18.12.2025، بە گوێرەی راگەیەندراوی شارەوانی چەمچەماڵ بێت سەردانەکە ئەنجامدراوە، بەشێوەی گروپ گروپ کارکردن و پاککردنەوەی ڕێڕەوە ئاوییەکانی بانی مەقان و ناوەندی شار دەستیپێکردووە، لە نزیکەوە بەدواداچوونێکی ورد و فراوان و مەیدانیان لە سەرچاوەی پۆندی بانی مەقان تا دوایین خاڵی ڕێڕەوی ئاویی سنووری چەمچەماڵ ئەنجامداوە.
لە هەنگاوی یەکەم، سەرجەم رێڕەوە ئاوییەکان پاک دەکرێنەوە و فراوان دەکرێن، هەروەها هەموو ئەو بەربەستانە لادەبرێن کە دەکەونە سەر ڕێڕەوە ئاوییەکان، ئەوەش بە سەرپەرشتی عەلی رەئوف، سەرۆکی نوێی شارەوانی چەمچەماڵ بە وەکالەت.
ئەم هەنگاوەش وەک رێکارێکی خێرا و بەپەلەیە بۆ کەمکردنەوە و رێگریکردن لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی لافاو، کارەکان لەسەر ئەرک و سەرپەرشتی گروپی کۆمپانیاکانی ئەشکان جێبەجێ دەکرێت.