سەرچاوەکەیان وشکى کردووە
13 رۆژە دوو گەڕەکى سەیدسادق بێئاون
964+
بڕوا مەجید- شارەزوور
بەهۆی کەمی بارانبارین و وشکەساڵییەوە، قەزای سەیدسادق رووبەڕووی کێشەیەکی جددی کەمئاوی بووەتەوە، بە شێوەیەک کە بەشێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی ئاو وشکیان کردووە و دوو گەرەکى قەزاکەش ماوەی 13 رۆژە بێئاون.
سۆران عەبدوڵڵا، لێپرسراوی فەرمانگەی ئاوی سەیدسادق، بە 964ی راگەیاند: “سەیدسادق کێشەی کەمئاوی هەیە، ئەمەش بەهۆی وشکەساڵی و دواکەوتنی وادەی بارانبارینەوەیە، سەرچاوەکانی ئاو وشکیان کردووە، بۆ دابینکردنی ئاوی ماڵان پشتمان بە ئاوی بیر بەستووە.”
لە قەزاکەدا سێ پڕۆژەی ئاو هەیە:
پڕۆژەی شێخان و غەزەنەکە: ئەم پڕۆژەیە توانای کۆکردنەوەی 750 مەتر سێجا ئاوی هەیە و زوو پڕ دەبێت. گەڕەکەکانی (شێخانی گەورە، بەردەم مەشروعەکە، خانزاد، هەردوو مزگەوتی کەسنەزان و بیلال و مەحمود بەگ، لەگەڵ ناوچەی پیشەسازی دوو) رۆژ نا رۆژێک ئاویان بۆ هەڵدەکرێتەوە، چونکە غەزانی ئاوەکەیان بچووکە و دەبێت زوو زوو خاڵی بکرێت.
” پڕۆژەی دووەمی ئاوەکە لەسەر شاخەکەیە و کە دوو حەوزی ئاوی هەیە کە 12 هەزار مەتر چوارگۆشە و 750 مەتر چوارگۆشە ئاو دەگرن، ئەمەش گەڕەکەکانی (سەرا، وەیس و چەقان و حەسارو ماڵەکانی سەرشاخ و هەمووگەڕەکی بەرکێو لەگەڵ گەڕەکی بەختیاری )، سێ ڕۆژ جارێک ئاو لەم پڕۆژە وەردەگرن، کە پشت بە ئاوی بیرو ئەو ئاوە دەبەستێت کە لەپارێزگای هەڵەبجەوە هەڵدەکرێتەوە ئەگەر ئاو نەنێرن دابەشکردن دوادەکەوێت، بۆ پڕبونی دەبێت توانای دابەشکردنی 5کاتژمێر ئاوی هەبێت ئینجا دەگاتە گەڕەکی بەختیاری، چونکە تۆڕی ئاوی ئەوگەڕەکە زیک زاکیە و جیاوازە لەتۆڕەکانی تر”، سران عەبدوڵا واى وت.
هەرچی گەڕەکی شەهیدان و قلرغە ئاوانیش پڕۆژەی ئاوەکەیان حەوزەکەی 750مەتر چوارگۆشە ئاو دەگرێت، بەڵام بەهۆی وشکبونی سەرچاوەی ئاوی سەراوی سوبحان ئاغاوە ماوەی 13 رۆژە ئاویان پێنەدراوە.
بەوتەى سۆران عەبوڵڵا، نەیانتوانیوە بە تەنکەریش ئاو دابین بکەن، چونکە فەرمانگەى ئاوى سەیدسادق تەنیا یەک تەنکەرى هەیە و شۆفێرى نییە.
روونیشى کردەوە، لەمڕۆوە دەست بە دروستکردنى رێگە و پاککردنەوەى سەرچاوەکە دەکەن، بۆ ئەوەى ئاوى بۆ بگەڕێتەوە، ئەگەرنا ناچار دەبن شۆفێر بۆ تەنکەرەکە دابین بکەن و لە رێگەى تاقە تانکەرەکەیانەوە ئاو بەسەر ئەو دوو گەڕەکەدا دابەش بکەن کە زیاتر لە 3000 ماڵ لەخۆى دەگرێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح