هەڵبژاردنی عێراق

كۆمسیۆن: ئێمە بەشێک نین لە دوورخستنەوەی كاندیدەكان

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ئەوان بەشێك نین لە دوورخستنەوەی کاندیدەکان لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا نییە.

وتەبێژی كۆمسیۆنەكە جومانە غەلای، ئەمڕۆ یەكشەممە 9.11.2025 لە راگەیاندراوێكدا بۆ میدیاكان، لەوانەش 964 روونیكردەوە، كۆمسیۆن لە دوورخستنەوەی کاندیدەکان بەشدار نییە، بەڵكو كۆمسیۆن شێوازێک یان ئامرازێکە بۆ رێکخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن، چونکە هەموو داتاکانی کاندیدەکان دەنێردرێت بۆ دەزگاکانی لێكۆڵینەوە و پشتڕاستکردنەوەی پەیوەندیدار.

وتیشی، دەستەی کۆمسیاریان، بە پشتبەستن بەو زانیارییانەی کە لە دەزگاکانی لێكۆڵینەوە و پشتڕاستکردنەوە پێی دەگات، كاندید دوور دەخاتەوە.

هەروەها دەڵێت، هەموو كاندێك بۆی هەیە دووربخرێتەوە، كارەكەش درێژە دەكێشێت تا ئەو كاتەی دادگای فیدڕالی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن پەسند دەكات.

وتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن هەروەها روونیكردەوە، پرۆسەی دوورخستنەوەی كاندیدەكان بەردەوام دەبێت، چونكە پەیوەندی كۆمسیۆن بە كاندیدەكان ناپچڕێت تا دادگای فیدڕالی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن پەسند دەكات.

“پرۆسەی دوورخستنەوەی كاندید لە هەڵبژاردنەکاندا زۆر باو و ئاساییە، لەوانەیە سکاڵا تۆمار بکرێت، یان هەر دۆخێک سەرهەڵبدات کە پێویستی بە دوورخستنەوە بێت، وەک دەستکاریکردنی بەڵگەنامەکانی كۆمسیۆن، تاوانێکی هەڵبژاردن، یان مامەڵەی نایاسایی بە کارتی دەنگدەران”، جومانە غەلای وا دەڵێت

لە كۆتاییشدا دەڵێت، بڕیاری دەستەی کۆمسیاران جێگەی تانەدان دەبێت لە بەردەم دەسەڵاتی دادوەریدا، بڕیاری دەسەڵاتی دادوەرییش کۆتاییە و دەبێت هەموو لایەك پێوەی پابەندبن.

كۆمیسۆن تا ئەمڕۆ زیاتر لە 830 كاندیدی بەهۆكاری جیاجیا دوورخستووەتەوە.

ئەمڕۆ 9.11.2025 پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت و تا شەشی ئێوارە بەردەوام دەبێت، رۆژی سێشەممەش 11.11 دەنگدانی گشتی بەڕێوەدەچێت.

"هەشت سکاڵا لەسەر کاندیدەکانی کوردستان تۆمار کراوە"