ئیدارەئ راپەڕین

 بەڵێندەران پارەیان لای حكومەتە و ناوێرن پڕۆژی دیكە وەرگرن

964+

محەمەد عەلی – راپەڕین

بەڵێندەرانی راپەڕین دەترسن پڕۆژە وەربگرن، چونكە پارەی زۆریان لای حكومەتی هەرێمە و پێیان نادرێتەوە، بۆیە ئێستا كە نزیكەی 20 پڕۆژەی نوێ راگەیاندراوە، تاكوتەرا بەڵێندەر هەیە بتوانێت پڕۆژە وەربگرێت.

سەرۆكی لقی راپەڕینی یەكێتیی بەڵێندەرانی كوردستان قادر عەبدوڵا ئەمڕۆ چوارشەممە 15.10.2025 بە 964ی راگەیاند، بەڵێندەرانی راپەڕین ترسیان هەیە پڕۆژە وەربگرن، چونكە پارەی زۆریان لای حكومەتە و پێیان نادرێتەوە.

وتیشی، پڕۆژە هەیە لە 2014ـەوە پارەكەی نەدراوە، جگە لەو پڕۆژانەی كە لە دوو ساڵی رابردوو كراون.

“ئێمە چاوەڕێی حكومەتین، ئیدارەی راپەڕینیش بەڵێنیان پێداوین كە پارەكانمان بۆ وەربگرن، بەڵام بە گوێرەی باری دارایی و چاكبوونی وەزعی دارایی حكومەت”، عەبدوڵا عەلی وای وت.

لەلای خۆیەوە سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین هیوا قەرەنی، بە 964ی وت، نزیكەی 20 پرۆژە لە راپەڕین راگەیاندراون، بەشێكی بەڵێندەران تەندەریان وەرگرتووە، بەڵام هێشتا رێككارە یاسایی و ئیدارییەكان ماون بۆ وەرگرتنی پڕۆژەكان.

وتیشی، هەر پڕۆژەیەك سێ جار بانگەوازی بۆ دەكرێت، ئەگەر هەر كەسێك وەرینەگرت، لایەنی پەیوەندیداری حكومەت خۆی پڕۆژەكە جێبەجێ دەكات.

هیوا قەرەنی ئاشكرای كرد، بە گشتی 300 پڕۆژە لە دەڤەری راپەڕین لە بەرنامەدان و بەشێكی راگەیاندراوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

بەڵێندەرانی سلێمانی گردبوونەوە و داوای پارە دەكەن

بەڵێندەرانی سلێمانی گردبوونەوە و داوای پارە دەكەن